ئەمڕۆ یاریی کۆتایی جامی کەنداو 26 بەڕێوەدەچێت و رووداو دەیگوازێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

هاندەرانی تۆپی پێی عەرەبی بەتاسەوە چاوەڕێی رووبەڕووبوونەوەی ورووژێنەری نێوان عومان و بەحرەین دەکەن، کە بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 19:00 بە کاتی باشووری کوردستان،  لەسەر یاریگای نێودەوڵەتی جابر ئەلئەحمەد لە کوەیت، یاریی کۆتایی جامی کەنداوی عەرەبی "کەنداوە 26" ئەنجام بدەن.
 
هەڵبژاردەی عومان لە پاڵەوانێتییەکەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و لە کۆمەڵەی یەکەمدا پێشەنگی گرت، دوای ئەوەی یەک سەرکەوتنی بەسەر قەتەر و دوو یەکسانبوون لەگەڵ کوەیت و ئیمارات بەدەستهێنا، پێش ئەوەی لە قۆناخی پێش کۆتاییدا 2-1 لە هاوتا سعودییەکەی بباتەوە و جێگەی خۆی لە یاریی کۆتاییدا بکاتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی بەحرەین بەهەمانشێوە پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمی بەدەستهێنا دوای ئەوەی دوو سەرکەوتنی بەسەر سعودیە و عێراق بەدەستهێنا، پێش ئەوەی بە یەمەن بدۆڕێت لەگەڵ ئەوەشدا پیشەنگی کۆمەڵەکەی مسۆگەرکرد.
 
لە یاریی پێش کۆتاییدا هەڵبژاردەی بەحرەین توانی لە کوەیت بباتەوە، کە خاوەنی میواندارییەکە بوو، لە پاڵەوانێتییەکە دوورخستەوە و بلیتێکی یاریی کۆتایی بەدەستهێنا.
 
رەشید جابر، راهێنەری هەڵبژاردەی عومان، کە تاکە راهێنەری ناوخۆیی بوو لەکۆی هەر هەشت هەڵبژاردەی بەشداربوو، سەرکەوتووانە سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی، کە لە قۆناخی پێش کۆتاییدا بە 10 یاریزان توانی لە سعودیە بباتەوە.
 
ئەمە شەشەم جارە لە مێژووی هەڵبژاردەی عوماندا بگاتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، بەو پێیەی پێشتر لە ساڵانی 2009 و 2017 دووجار نازناوەکەی بەدەستهێناوە، هەروەها سێ جاریش پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و هاندەرانی هیواخوازن رەشید جابر سێیەمین نازناو لە مێژووی عوماندا بەدەستبێنێت.
 
سەبارەت بە هەڵبژاردەی بەحرەینیش لە عومان کەمتر نییە، بەو پێیەی لە ساڵی 2004ـەوە لە حەوت بۆنەدا سەرکەوتووە بۆ قۆناخی پێش کۆتایی، هەروەها لە ماوەی دەیەی رابردوودا هەڵبژاردەکە گەشەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. بەحرەین دەستکەوتێکی مێژوویی تۆمارکرد بە بەدەستهێنانی نازناوی جامی کەنداو لە ساڵی 2019 بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، کە کەنداوی 24 بوو، و قەتەر میوانداریی کرد.
 
پەیجەکانی رووداو سپۆرتس و پەیجاکانی دیکە یارییەکە بە دەنگی کۆمێنتاری وەرزشیی، لاوین قابیل دەگوازێتەوە.