فەرمی.. ناوی ئۆلمۆ و پاو تۆرێس تۆمار ناکرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەفەرمی رایگەیاند، داواکارییەکەی بارسێلۆنای رەتکردەوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر لە لیستی یاریزانانی یانەکەیدا.
 
لالیگا لە مانگی یەکدا رەتیکردبووەوە ئەو دوو یاریزانە لە لیستی تیپەکەدا تۆماربکات، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشە داراییانەی کە یانە کەتەلۆنییەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، کە پەیوەندییان بە یاسای یاریی دارایی خاوێنەوە هەیە.
 
دوای ئەوەی یانەکە رووی کردە ئەو دوو دەزگایەی کە بەرپرسیارن لە رێکخستنی ڕکابەرییەکانی خولی ئیسپانیا (لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا)، ئێستا یانە کەتەلۆنییەکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بە ئاراستەیەکی نوێدا هەنگاو بنێت، کە بریتییە لە پەنابردن بۆ ئەنجوومەنی باڵای وەرزش، کە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسا بەنیازە داوا لە ئەنجوومەنەکە بکات بڕیارەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا  و لالیگا رەتبکاتەوە.

 

بەپێی ئەوەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، هەنگاوی داهاتوو بۆ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا، پێشکەشکردنی داواکارییەکی فەرمییە بۆ ئەنجوومەنی باڵای وەرزش CSD بۆ ئەوەی بڕیارەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و لالیگا رەتبکاتەوە. 
 
ئەگەر ئەو ئەنجوومەنە داواکاریی یانەکە رەتبکاتەوە، هێشتا لاپۆرتا و یانەکەی دوا بژاردەیان لەبەردەستدایە، کە پەنابردنە بەر دەسەڵاتی دادوەری ئاساییە بۆ گەرەنتیکردنی مافی تۆمارکردنی ئەو دوو یاریزانە.
 
ئەم شەڕە یاساییە بەشێکە لە زنجیرەیەک ناکۆکی کە بارسێلۆنا لەگەڵ ئۆرگانەکانی بەرپرسیاردا دەستیپێکردووە، لەگەڵ ئەو سنووردارکردنە تووندانەی کە لەلایەن یاسای یاریی دارایی خاوێن سەپێنراون، کە یانە کەتەلۆنییەکە خۆی لە پێشبڕکێیەکدا دەبینێتەوە لەگەڵ کاتدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە بتوانێت پێکهاتەی خۆی بەهێز بکات بەبێ پێشێلکردنی یاساکان.

 

بڵاوکراوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و لالیگا
 
لیژنەی بەدواداچوون لە رێککەوتنی هەماهەنگی نێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و لالیگا کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داواکاری مۆڵەتی پێشوەختە بۆ یاریزانان دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر کە لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە پێشکەشکرابوو.
 
دوای ئەوەی بارسێلۆنا لە 3ـی1ـی2025 مەرجەکانی چاودێری دارایی لالیگای بەجێهێنا، هەروەها یانەکە بەڵگەنامە پێویستەکانی تەواوکرد، دەسەڵاتی پەسەندکردنی بودجەی لالیگا بڕیاریدا زۆرترین تێچووی تیپی وەرزشیی بارسێلۆنا تاوەکو ئەم بەروارە زیاد بکات".
 
لەم چوارچێوەیەدا، و دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا داوای مۆڵەتی تۆمارکردنی بۆ ئەو دوو یاریزانە کرد، هەروەها دوای شیکردنەوەی رێسا فیدراڵییە کارپێکراوەکان، لیژنەی بەدواداچوون بڕیاری دا مۆڵەتی کۆتایی کە بارسێلۆناداوای کردبوو بە یاریزانانی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر نەدات، ئەمە لەسەر بنەمای هەردوو مادەی 130.2 و 141.5ـی پەیڕەوی گشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دامەزراوە، کە رێگری دەکات لە هەر یاریزانێک کە مۆڵەتەکەی لێسەندرابێتەوە لەهەمان وەرزدا مۆڵەتی نوێ لەگەڵ هەمان تیپدا پێیبدرێتەوە کە یاری بۆ کردووە.