ڤیدیۆ؛ ئەمشەو یەکێک لە دوو گەورەکەی ئەڵمانیا دەردەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بایرن میونشنی پێشەنگی بۆندێسلیگا و بایرلیڤەرکوزنی هەڵگری نازناوی خولەکە، هەوڵی نەچوونە دەرەوەی زوو لە جامی ئەڵمانیا دەدەن، کاتێک ئەمشەو لە نێو ئالیانز ئارێنا لە قۆناخی شانزەی پۆکاڵ کەپ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
میونشن بەگەڕانەوە بەخاڵێکەوە لە سیگناڵ ئیدۆنا پارک و مانەوە لە پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئەڵمانیا و شکست نەهێنان لە هیچ یارییەکی ئەمساڵی خولەکەدا، روو لە یارییەکە دەکات و ئامانجیەتی لە هەنگاونان بەرەو نازناوی ژمارە بیست و یەکی لە جامەکەدا بەردەوام بێت.
میونشن لە چوار وەرزی رابردوودا هەرزوو ماڵئاوایی لە جامەکە کردووە، خۆپاراستن لەزوو چوونە دەرەوە، داواکاریی گەورەی هاندەرانی میونشنە لە راهێنەری تیپەکەیان. بەڵام ڤینسینت کۆمپەنی دەبێ لەگەڵ دۆخێکی ئاوارتەدا مامەڵە بکات، چونکە لە یارییەکەدا، لە تواناکانی هاری کەین بێبەش دەبێت بەهۆی پێکانەوە.
ڤینسینت کۆمپەنی، راهێنەری یانەی بایرن میونشن، دەڵێت "هەمووان دەزانن کە کەین بەبەشداریپێکردنی یاریزانێکی دیکە قەرەبوو ناکرێتەوە، نە لە رووی گۆڵکردن و نە شێوازی یاریکردنەوە. هەر ئەوەشە وایکردووە ئەو یاریزانێکی کوالیتی بەرز بێت. بەڵام ئێمە لە تیپەکەماندا بەهرەی پێویستمان هەیە بۆ گۆڵ تۆمارکردن و هەموو ئەوەی پێویستە بیکەین، دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیکەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی".
ئەوە هەر بایرن میونشن نییە لە بەهرەمەندێکی گەورە لە یارییەکەدا بێبەشە، لیڤەرکوزن لای خۆیەوە ناتوانێ سوود لە تواناکانی گۆڵکەری یەکەمی، کە ڤیکتۆر بۆنیڤاسە وەربگرێت، هەربۆیە لە کۆی گشتیی یارییەکەدا، چاوەکان لەسەر جەمال موسیالا و فلۆریان فێرتزی یاریزانانی لاو دەبێت بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەرکی پەڕاندنەوەی یانەکانیان بەرەو قۆناخی دواتری جامەکە.
لیڤەرکوزن بەر لە یارییەکە هەست بەمتمانەیەکی باش دەکات، پاش بردنەوەی دوایین سێ یاریی خۆی لە بۆندێسلیگا و تۆمارکردنی دوانزە گۆڵ، کە ئاماژەیە بۆ بەکارکەوتنەوەی توانا گۆڵکەرییەکانی تیپەکەی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر، بەڵام ئەرکەکە لە نێو یاریگەی بایرندا، ئاسان نییە.
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزن، دەڵێت "هیچ یارییەک لەو یارییە قورستر نییە کە لە نێو ئالیانز ئارێنادا ئەنجامی دەدەیت. هەمیشە بایرن بەربژێرە بۆ بردنەوەی یارییەکانی نێو یاریگەی خۆی جا لە هەر پاڵەوانێتی و خولێکدابێت، تەنانەت لە چامپیۆنزلیگیش. ئەمە ئاڵنگارییەکی قورسە بۆ ئێمە. وەک یاریی کۆتایی وایە، چونکە پەیوەندی بەبەردەوامبوون لە جامەکە، یان رۆیشتنەوە بۆ ماڵەوە بەدەستبەتاڵی هەیە".
لیڤەرکوزن لە دوایین چوار یاریی خۆیدا بەرامبەر میونشن، نەیهێشتووە دووچاری شکست ببێت، ئەمە روونیدەکاتەوە یارییەکەی ئەمشەو چەندە زەحمەت و پڕ لە رکابەریی دەبێت بۆ هەردوو یانە.