پێرێز شوێنگرەوەی ئەنچێلۆتی خستووەتە مێشکییەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، کەسێکی خستووەتە مێشکی بۆ ئەوەی هەر کاتێک بڕیاری لابردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە پۆستی راهێنەری یانەی شاهانە بدات، ئەو بکاتە راهێنەری نوێی یانەکەی.
یانەی ریال مەدرید خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە یاریگای سان مامێس رووبەڕووی یانەی ئاتلێتیک بیلباو ببێتەوە، لە یارییەکی گرنگدا کە مێرینگێ ئاواتەخوازە سێ خاڵ بەدەستبهێنێت، و کارلۆ ئەنچێلۆتی سەرنجی لەسەر ئەوەیە کە دەتوانێت یارییەکە بباتەوە.
راهێنەرە ئیتاڵییەکە دەڵێت "ئەنجامەکانمان دەریدەخەن کە من لە باشترین ئاستی خۆمدا نەبووم. دڵخۆش نیم، بەڵام نیگەرانم. من پێموایە کە بەباشی دۆخەکە چاکدەکەینەوە، وەک ئەوەی هەمیشە دەیکەین".
بەپێی پێشبینییەکان، بیرۆکەکانی نێو کارگێڕیی ریال مەدرید بۆ گۆڕینی ئەنچێلۆتی زیادیانکردووە، و ناوێکی نوێ بۆ شوێنگرتنەوەی کارلیتۆ هاتووەتە ئاراوە کە لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا رێزێکی زۆری هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، هەرچەندە پێدەچێت رۆیشتنی ئەنچێلۆتی ئێستا ئەگەرێکی لاواز بێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە داڤیدی ئەنچێلۆتی یاریدەدەری راهێنەری یانەکە بەهۆی پابەندبوونی زۆری بە یاریزانە لاوەکان و شێوازی کارکردنی بوێرانەی لە یانەکەدا، بەشێوەیەکی بەرفراوان نێوبانگی دەرکردووە. یاریدەدەری راهێنەری ئیتاڵی بە کەسایەتییەکی بەڕێز لەنێو تیپەکەدا دادەنرێت، ئەمەش وایکردووە بیرۆکەی ئەوەی لە داهاتوودا ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکە لەئەستۆ بگرێت.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت "فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیڤدی زۆر خۆش دەوێت، ئەگەر بڕیاری دوورخستنەوەی ئەنچێلۆتی بدات کوڕەکەی دەکاتە راهێنەر". دەشڵێت "ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە ریال مەدرید دەیەوێت چابی ئەڵۆنسۆ یان سانتیاگۆ سۆلاری بکاتە شوێنگرەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، دوورن لە راستی".
رۆژنامەکە لە کۆتاییدا نووسیویەتی، ئەنچێلۆتی زۆر دڵخۆشە بەباشیی کوڕەکەی و سەرسامی لەلایەن بەرپرسانی ناو تیپەکەوە، ئەگەریش کەسێک هەبێت ئەنچیلۆتی بتوانێت کاندیدی بکات بۆ سەرکردایەتی تیپەکە وەک جێنشینی خۆی، ئەوا کەسی لە یاریدەدەر و کوڕەکەی باشتر نادۆزێتەوە.