یۆکێرێش یانەی راهێنەری پێشووی رەتدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرەی سوێدی و یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی، ئامانجی یانە گەورەکانی ئەورووپایە و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، یاریزانەکە چەند یانەیەکی رەتکردووەتەوە.
 
بەپێی زۆرینەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یاریزانەکە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا رکابەرییەکی زۆری لەسەر دەکرێت و ناوی یاریزانەکە لەگەڵ چەند یانەیەکی گەورەی ئەورووپا دەهێنرێت، لەوانەش، مانچێستەر یونایتد، ئارسیناڵ،بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان، چێڵسی و چەند یانەیەکی دیکە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی پۆرتوگال دەڵێن، یاریزانەکە لەلایەن مانچێستەر یونایتد و ئارسیناڵەوە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت و دەستەوارەی پێشکێشکراوە، بەڵام ڤیکتۆر نایەوێت بڕواتە ئەو دوو یانەیە و دەستەوارەکانیان رەتکردووەتەوە.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، هۆکاری رەتکردنەوەی ئەو دوو یانەیە لەلایەن یۆکێرێشەوە، ئەوەیە کە یاریزانەکە دەیەوێت بچێتە یانەیەکی دیکە، بەتایبەت یانەی بارسێلۆنا گرنگی بەتواناکانی ئەو یاریزانە دەدات.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆبن ئامۆریم، راهێنەری پێشووی یانەی سپۆرتینگ، راهێنەرایەتی یانەی مانچێستەر یونایتد دەکات و چاوی زۆری لە گواستنەوەی ئەو یاریزانەیە.
 
پێشتر سەرۆکی یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنا رایگەیاندبوو، ئەو یانەیەی دەیەوێت یۆکێرێش بگوازێتەوە، پێویستە 100 ملیۆن یۆرۆ بخاتە سەر مێزی گفتوگۆکان، چونکە بەو نرخە کەمتر دەستبەرداری یاریزانەکە نابین.
 
ڤیکتۆر یۆکێرێش، تەمەنی 26 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنا لە 2028 کۆتاییدێت، یاریزانەکە لەم وەرزەدا لە 21 یارییدا لەسەرجەم و خول و پاڵەوانێتییەکاندا 24 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 ئاسیستی کردووە.