گواردیۆلا باشترین راهێنەری مێژوو دەستنیشاندەکات

رووداو دیجیتاڵ 
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری ئیسپانی و یانەی مانچێستەر سیتی باشترین راهێنەری مێژووی تۆپی پێ دیاریی دەکات. 
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا باسی چەندین بابەتی سەرنجراکێش دەکات، لە سەرەتای قسەکانیدا پێپ جارێکی دیکە جەخت لە قورسی پرێمەرلیگ دەکاتەوە و دەڵێت "بێگومان بردنەوەی پرێمەرلیگ قورسترە لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ".
 
دواتر لە وەڵامی پرسیارێکدا کە کام یاریزانی ئێستا دەکرێت ببێتە باشترین راهێنەر لە داهاتوودا، گواردیۆلا لە وەڵامدا گوتی "پێموایە ئیلکای گوندۆگان دەتوانێت راهێنەرێکی نایابی لێدەربچێت، بەهۆی ئەوەی خۆشەویستییەکی زۆری بۆ تۆپی پێ هەیە و تێگەشتنێکی زۆری بۆ یارییەکە هەیە".
 
پێپ زیاتر دەڵێت "کاتێك دەبینم چەند یاریزانێکی پێشووم وازیان لە یاریکردن هێناوە و بوونەتە راهێنەر، هەستدەکەم پیربووم و تەمەنم گەورە بووە". 
 
دواتر لە وەڵامی پرسیارێکدا کە کام راهێنەر بە بەهێزترین رکابەری خۆی دەزانێت، پێپ دەڵێت "بێگومان یۆرگن کڵۆپ منی تووشی زۆرترین زەحمەتی کردووە، ئێمە ملیۆنێك جار رووبەڕووی یەکدی بووینەتەوە، ئەو زۆرجار منی تووشی شکست کردووە و من رێزێکی زۆری دەگرم بەهۆی ئەوەی شێوازی یاریکردنی زۆر بەچێژە و پێموایە ئەو بەهێزترین رکابەرمە". 
 
لە کۆتاییدا پێپ لەبارەی باشترین راهێنەری مێژووی تۆپی پێ قسە دەکات و دەڵێت "پێموایە سێر ئالێكس فێرگسن باشترین راهێنەری مێژووی تۆپی پێیە، بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوامبووە و ژمارەیەکی زۆر لە نازناوی بەدەستهێناوە".

 

 
پێپ زیاتر دەڵێت "لە دوای فێرگسن پێموایە یۆهان کرۆیف و ئاریگۆ ساکی دێن، ساکی هەرچەندە وەك دووانەکەی دیکە نازناوی زۆری بەدەستنەهێناوە، بەڵام ئەو گۆڕانکاری ریشەیی لە راهێنەران و یاریزانانی ئەو سەردەمە درووستکرد و بەو هۆیەوە پێم واییە یەكێکە لە باشترینەکان. یۆهان کرۆیفیش ئایاکس ئامستەردام و بارسێلۆنای بە تەواوی گۆڕی و کاریگەرییەکی زۆری بەسەریانەوە هەبووە، بۆیە پێمواییە ئەوانە لە باشترین راهێنەرەکانی مێژووی تۆپی پێن".
 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانە گەورەکانی وەك بارسێلۆنا، بایرن میونشن و مانچێستەر سیتی کردووە و توانیویەتی چەندین دەستکەوتی مێژوویی بەدەستبهێنێت و بەشێکی زۆر لە هەوادارانی تۆپی پێ بە باشترین راهێنەری مێژووی دادەنێن.