ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر دوای چوار یاری لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا، یەکەم بردنەوەی تۆمارکرد و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.

ئامەدسپۆر لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولی پلە یەکی تورکیادا، لە روها میوانداریی یانەی کۆجەئەلی سپۆری کرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و یەکەم سەرکەوتنی لە خولەکەدا بەدەستهێنا.
 
دوای چوار خولەک یارییکردن، کۆگهان دەگیرمەنجی لە یانەی کۆجەئەلی سپۆر بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، دوای ئەوە لە خولەکی 19 لە هەمان یانە موحەرەم سینان کارتی سووری وەرگرت و ئەو یاریزانەش لە یارییەکە کرایە دەرەوە.
 
ئەمە هاوکارییەکی زۆری یانەی ئامەدسپۆری کرد، لە خولەکی 32 ئۆکتای ئایدن، یەکەم گۆڵی یانەکەی لە خولی پلە یەکی تورکیادا تۆمارکرد و بەلێدانێکی بەهێز تۆڕی یانەی میوانی هەژاند.
 
لە نیوەی دووەمدا، ئامەدسپۆر باشتر دەرکەوت، ئاداما تراورێ لە خولەکی 62 یەکێک لە جوانترین گۆڵەکانی ئەم وەرزەی تۆمارکرد و خاوەن یاریگە بووە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە بە سێ خولەک، تراورێ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەی ئامەدسپۆری تۆمارکرد، یانەکەی باکووری کوردستان یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و یەکەم سەرکەوتنی لە رکابەرییەکانی خولەکەدا بەدەستهێنا.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە ئامەدسپۆر بووە خاوەنی پێنج خاڵ و ئێستا لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیایە.
 
بەهۆی ئەوەی یاریگەی یانەکە نۆژەندەکرێتەوە، یانەی ئامەدسپۆر بۆ ماوەیەک یارییەکانی لە یاریگەی روها ئەنجامدەدات.