ڤیدیۆ؛ شێرکۆ کەریم لە رێگەی رووداوەوە پەیامێک بۆ هاندەرانی دەنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق، لە یاریی عێراق و کۆریای باشوور لە قۆناخی کۆتایی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر دوای پیشاندانی ئاستێکی بەرز، لە یەکەم لێدوانی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ تۆڕی میدیای رووداو کرد و دڵخۆشی خۆی بۆ ئەنجامی یارییەکە ئاشکراکرد.
هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی کۆریای باشوور لە نێو یاریگەی نێودەوڵەتی سیئۆل یەکسانبوون، شێرکۆ کەریم لەم یارییەدا بەشێوەیەکی سەرەکی یاریکرد و لە هێڵی بەرگری بووە قەڵخان لەبەردەم مەترسییەکانی سۆن هیونگ مینی ئەستێرەی پیشەگەری هەڵبژاردەی کۆریای باشوور و یانەی تۆتێنهام، بەشێوەیەک سۆنگ نەیتوانی شێرکۆ ببڕیت و هەڕەشە لە تۆڕی هەڵبژاردەی عێراق بکات.
شێرکۆ کەریم، لە دایکبووی 1996ـی شاری کەرکووکە، سەرەتای دەرکەوتنی لە ریزەکانی یانەی کەرکووک بوو، لە خولی عێراق یاری بۆ یانەکانی هەولێر و شورتە کردووە، وەک یاریزانێکی پیشەگەر لە خولی سویسری بۆ ماوەی پێنج وەرز یاری بۆ یانەی گراسپۆر زیورخ یاریکردووە، هەروەها یاریزانی هەڵبژاردەی لاوان و ئۆڵۆمپی عێراق بووە.
دوای تەواوبوونی یاری هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی کۆریای باشوور شێرکۆ کەریم لێدوانێکی تایبەتی بۆ رووداو دا و گوتی "من زۆر دڵخۆشم بە ئەنجامی یارییەکە، لەبەرئەوەی وەرگرتنی خاڵێک لە ناو خاکی کۆریای باشوور وەک بردنەوە وایە، لە رێگای رووداو پیرۆزبایی لە هەموو هاندەران و خەڵکی کوردستان و عێراق دەکەم".
شێرکۆ کەریم تاکە یاریزانی کوردە لە نێو هەڵبژاردەی عێراق، کە ئاستبەرزییەکەی بووەتە جێگەی بایەخ لای دیک ئادڤۆکاتی راهێنەری هۆڵەندی هەڵبژاردەی عێراق.
ئەستێرە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق روونیکردەوە "بەهیوام ئەم ئەنجامە هاندەرێکی باش بێت بۆ ئەوەی لە یارییەکانی داهاتووماندا سەرکەوتن تۆماربکەین".
هەڵبژاردەی عێراق دوای گەڕانەوە لە سیئۆلەوە بۆ بەغدا، راستەوخۆ بەرەو شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر گەستی کردەوە، بۆ ئەوەی تیپەکە ئامادەکاری بکات بۆ میوانداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران.