جێرار دەیەوێت مێسی بباتە خولی رۆشنی سعودی

رووداو دیجیتاڵ

ستیڤن جێرارد، ئەفسانەی ئینگلیزی و راهێنەری یانەی ئیتیفاقی سعودی، دووپاتیکردەوە کە هیوادارە گرێبەست لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینیی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی بکات. لە هەمانکاتدا دووپاتیکردەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕ بە دیاردەیەکی تۆپی پێ دادەنرێت.
 
جێرارد لەسەرەتای وەرزی رابردوودا سەرکردایەتی یانەی ئیتیفاقی گرتە ئەستۆ، بە گرێبەستێک بۆ ماوەی 4 وەرز، و بە کۆکردنەوەی 48 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندیی کۆتایی خولی سعودیە بوو.
 
ئەفسانە ئینگلیزییەکە، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، هیوادارم لیۆ مێسی بۆ ریزەکانی یانەی ئیتیفاق بگوازمەوە، بەو پێیەی یاریزانێکی گەورەیە و لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا چەندین دەستکەوتی بەدەستهێناوە.
 
کاپتنی پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، ئاماژەی بەوەشکرد "نامەوێت باسی ناوی تایبەت بکەم، بەڵام ئەگەر دەرفەتمان بۆ رەخسا هەندێک ئەستێرە نێودەوڵەتییەکان دەگوازینەوە، بەڵێ ئەو کارە دەکەین".
 
جێرارد باسی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆش کرد و گوتی "رۆناڵدۆ یاریزانێکی نایابە و بە دڵنیاییەوە نموونەیەکی گەورەیە بۆ سەرکەوتنی بەردەوام لە جیهانی تۆپی پێدا. ئەو بەشدارییەکی زۆری کرد لە گەشەکردنی خولی سعودیە و باشترین باڵیۆزە بۆ سعودیە".
 
لە کۆتاییدا گوتی "رۆناڵدۆ مێژوویەکی گەورەی نووسیوە، بەدڵنیاییەوە دیاردەیە، هەڵبژاردنی نێوان ئەو و مێسیش ئەستەمە، بەهۆی ئەوەی کە هەریەکەیان بەدەستیان هێناوە".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی نەسڕەوە کرد، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد هەڵوەشاندەوە، لە کاتێکدا مێسی خولی ئەمریکی هەڵبژارد، سەرەڕای ئەوەی یانەی هیلالی سعودی نزیک بوو لە گرێبەستکردن لەگەڵیدا بە یەک ملیار دۆلار.