تایبەت بە رووداو.. سەرهەنگ موحسین بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی بەنێوبانگی کورد و یانەی نەجەف، رووبەڕووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبێتەوە، لە میانەی ئەو یارییە دۆستانەیەی بڕیارە لەنێوان هەردوو یانەی نەجەف و نەسڕدا بکرێت.
له كاتی سهردانێکی کۆنسۆڵی سعودیه بۆ شاری نهجهف باس له یارییهكی دۆستانه کراوە، کە دەکرێت لەنێوان هەردوو یانەی نەجەف و یانەی نەسڕ، یان نەجەف و هیلالدا ئەنجامبدرێت.
فهلاح حهسهن، ئهندامی دهستهی كارگێڕیی یانهی نهجهف لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دڵخۆشین یاری بهرامبهر یانهی نهسڕ یان هیلال ئهنجامبدهین، ئهمه رووداوێكی وهرزشیی گهورهیه، بەڵام هێشتا كاتی بهڕێوهچوونی دیاری نهكراوه".
سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی کوردی یانەی نەجەف، لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت "ئاگاداری بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەم و دەنگدانەوەی گەورەی لە نەجەف دروستکردووە، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە ئەو دەستپێشخەریەیە کە کۆنسۆڵی سعودیە باسی کردووە و هێشتا هیچ وەڵامێکی نییە."
گۆڵپارێزی یانەی نەجەف زیاتر گوتی "ئەوەی من تێی بگەم، زەحمەتە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بێتە عێراق، بۆیە ئەگەر یارییەکە بکرێت لە سعودیە دەبێت و دڵخۆش دەبین بە رووبەڕووبوونەوەی یانەیەکی گەورەی سعودیە."
پێشتر لە جامی شا سەلماندا، هەریەکە لە ئاسۆ رۆستەم، ئەحمەد زێرۆ و یاسین کەریم، یاریزانانی کوردی یانەی شورتە لە نزیکەوە چاویان بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کەوت و یارییان بەرامبەر ئەو یاریزانە بەنێوبانگەی جیهان ئەنجامدا، جگە لەوەش لە ئۆڵیمپیادی 2004 هەوار مەلا محەممەد، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ یارییکردووە، بۆیە لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو یارییە، سەرهەنگ موحسین یەکەم یاریزانی کورد نابێت رووبەڕووی کریستیانۆ ببێتەوە.