تۆماس مۆلەر بۆ یاریزانانی بایرن: وەک ماسیی ئاڵتوونیی بن
رووداو دیجیتاڵ
تۆماس مۆلەر، یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، ئەوەی دیارییکردووە کە تیپەکەی پێویستی پێیەتی لە دوا گەڕەکانی وەرزی ئێستای بۆندێسلیگادا، لە سایەی ئەو ململانێیەی لە خولەکەدا هەیە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەڵمانیا.
بایرن میونشن پێشەنگی خولەکەی بەدەستهێنایەوە، پاشئەوەی هەفتەی رابردوو لە هێرتا بەرلینی بردەوە و سوودی لە یەکسانبوونی بۆرووسیا دۆرتمۆند لەگەڵ بۆخۆم وەرگرت.
مۆلەر لە لێدوانی بۆ تۆڕی 'سکای'ی ئەڵمانیا گوتی، "لە رووی وەرزشییەوە مانگی چوار مانگێکی ئومێدبڕی گەورە بوو بۆ ئێمە".
هەروەها دەڵێ، "ئەگەر شرۆڤەی هەر یارییەک بکەین لە هەموو ئاراستەکانەوە، هەموو شتەکان لەبەرژەوەندی ئێمە نەبوو".
بایرن میونشن لە ماوەی رابردوودا و لە مانگی چواردا لە هەردوو پاڵەوانێتی جامی ئەڵمانیا و چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە و تاکە نازناو لەبەردەستیدا مابێتەوە، خولی ئەڵمانیایە.
هێرشبەرە ئەڵمانییەکە داوای لە هاوڕێکانی کردووە، عەقڵیەتی ماسیی ئاڵتوونییان هەبێت، لە دوا گەڕەکانی خولەکەدا.
بایرن یارییەکانی داهاتووی لە بۆندێسلیگا بەرامبەر ڤێردەربرێمەن، شالکێ، لایپزیگ و کۆڵن ئەنجامدەدات.
مۆلەر دەڵێ، "لەگەڵ یادەوەریی تەنیا دە چرکەدا، کاتی ئەوە هاتووە تەماشای بەرپێی خۆمان بکەین.. ئەمە بەسەر هەمووماندا دەچەسپێت، پێویستە لەسەرمان لە ژێر کاریگەریی ئەم قۆناخە بێینە دەرەوە و چاومان تەنیا لەسەرئەوە بێت کە گرنگە و دەبێ ئەنجامی بدەین".
بایرن میونشن لە هەموو روویەکەوە ئەمساڵی دۆخی خراپە.. یانەکە لەماوەی رابردوودا لەناکاو یولیان نایگلسمانی لە مەشقدانی تیپەکە دوورخستەوە و لە شوێنی ئەو تۆماس توخێلی کردە راهێنەر کە ئەنجامەکانی ئەو راهێنەرە لەگەڵ تیپەکەدا باش نین.