بەهۆی شەڕ و ئاژاوەوە 170 هاندەر دەستگیرکران

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی مەغریب 170 هاندەری یانەی ئەلمکناسیی دەستگیرکرد، کە گومان دەکرێت دەستیان هەبووبێت لەو ئاژاوەگێڕییەدا کە بووەتە هۆکاری گیانلەدەستدانی هاندەرێکی کچ.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ئەلمکناسی و ئیتیحادی ریازی کە لە رکابەرییەکانی خولی پلە سێی وڵاتەکە لە کازابلانکا بەڕێوەچوو، گرژی و ئاڵۆزییەکی گەورە لەنێوان هاندەرانی هەردوولادا روویدا، بەو هۆیەوە هاندەرێکی کچ گیانیلەدەستدا، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی گەورەی لێکەوتەوە و رای گشتیی لەسەر دروستبوو.
 
دوای چەند رۆژێک لە رووداوەکە پۆلیسی مەغریب لە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دروستبوونی ئەو گرژییە بەردەوامبوو، بەو هۆیەوە 170 هاندەری یانەی ئەلمکناسیی دەستگیرکرد.
 
بەپێی راپۆرتی هێزە ئاسایش پارێزەکانی ئەو وڵاتە، هاندەرانی ئەو یانەیە بەردیان گرتووەتە هێزەکانی پاراستنی یاریگە و بەو هۆیەوە 5 پۆلیس بریندارکراون، بۆیەش چاوەڕواندەکرێت جگە لە دەستگیرکردنی ئەو هاندەرانە یانەکە سزای تووندیشی بەسەردا بسەپێنرێت.