ئەم مانگە بۆندسلیگا دەستپێدەکاتەوە

رووداو - هەولێر

وەزیری وەرزشی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد رەزامەندە لەسەر دەستپێکردنەوەی یارییەکانی بۆندسلیگا لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا.

لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەی بیڵد ئام زونتاجدا وەزیری وەرزشی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە رەزامەندە لەسەر دەستپێکردنەوەی یارییەکانی خولی بۆندسلیگای ئەڵمانیا و دەڵێ پێموایە ماوەی دەستنیشانکراو بۆ دەستپێکردنەوەی یارییەکان کە ئەم مانگەیە، گونجاوە و پشتگیری دەکەم، بەڵام نابێ هیچ تایبەتمەندییەکە بە تۆپی پێ بدرێت.

وەزیرە ئەڵمانییەکە زیاتر دەڵێ مەرجی سەرەکی بۆ دەستپێکردنەوەی یارییەکان ئەوەیە کە نابێ پشکنینە بەردەوامەکانی یاریزانان و دەستەی یانەکان ببێتە هۆکار بۆ فشار خستنە کەرتی تەندروستی وڵات لە رووی پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ هاونیشتمانییانی ئاسایی.

زیهۆڤۆی وەزیر روونیکردووەتەوە کە ئەگەر هەر حاڵەتێکی کۆرۆنا لە هەر تیپێکدا دەربکەوێت، دەبێت کۆی ئەو یانەیە بخرێتە کەرەنتینەوە و تەنانەت ئەگەر پێویست بکات دەبێ ئەو تیمەش کەرەنتین بکرێت کە یاری بەرامبەر کردووە.

سەرچاوەکان دەڵێن قسەکانی وەزیری وەرزشی ئەڵمانیا پێش ئاشکرابوونی تووشبوونی دوو یاریزانی یانەی کۆڵن بووە کە هەفتەی پێشوو ئاشکرابوو دووچاری ئەو نەخۆشییە بوون و بۆ ماوەی 14 رۆژ سەرجەم ئەندامان و کارمەندانی یانەکە کەرەنتینکران.

زیهۆڤۆ لەبارەی مەترسییەکانەوە دەڵێ راستە لەوانەیە یارییەکان مەترسی دروست بکات، بەڵام پێموایە دەبێ هەنگاو بنێین بۆ دەستپێکردنەوەی تۆپی پێ لە ئەڵمانیادا.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا ئومێدەوارە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی نێوان ئانجێلا میرکڵی راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی حکوومەتە ناوخۆییەکانی وڵات بڕیاری دەستپێکردنەوەی خولەکانی ئەڵمانیای بەبێ ئامادەبوونی هاندەران لێبکەوێتەوە.