ڤیدیۆ؛ هیلال نەیهێشت رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی زۆر دڵخۆش بن بە سەرکەوتنە گەورەکەیان

رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی پێشەنگی خولی رۆشنی سعودی، نەیهێشت کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی لە یانەی نەسڕ زۆر دڵخۆش بن بەو ئەنجامە گەورەیەی بەرامبەر ئەبها بەدەستیانهێنا، کە هەشت بە هیچ بردیانەوە، دوای ئەوەی هیلال سەرکەوتنێکی دیکەی بەدەستهێنا و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ نەسڕ بە 12 خاڵ هێشتەوە.
 
لە گەڕی بیست و شەشەمی خولەکەدا، یانەی هیلال باڵادەستیی خۆی بەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندیدا دووپاتکردەوە و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە ئوخدوودی بردەوە و ریکۆردێکی جیهانی شاکاند، کە بووە خاوەنی 31 سەرکەوتنی لەسەریەک لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا.
 
لە خولەکی شانزەدا ساڵح شەهری گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هیلال تۆمارکرد، دوای پاسێکی جوان لە روبێن نێڤێسەوە.
 
سەیڤێر گۆدوین لە خولەکی بیست و پێنجدا بە لێدانێکی نایاب و هاوڕێکەی محەممەد جەیف لە خولەکی سی و دوودا دووجار خەریکبوون گۆڵی یەکسانبوون بۆ ئوخدوود تۆمار بکەن، بەڵام نەیانتوانی تۆڕی یاسین بۆنۆ بهەژێنن.
 
لە نیوەی دووەمدا مالکۆمی یاریزانی بەرازیلی لە خولەکی شەست و شەش گۆڵی دووەمی هیلالی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی حەفتا و سێدا، نۆرە گەیشتە سالم دۆسەری و گۆڵی سێیەم و دڵنیایی بۆ هیلال تۆمارکرد و یارییەکە سێ بە هیچ لە بەرژەوەندی پێشەنگی خولەکە کۆتاییهات.
 
بەم سەرکەوتنە یانەی هیلال پێشەنگی خۆی لە خولەکەدا بەهێزترکرد بە کۆکردنەوەی حەفتا و چوار خاڵ لە بیست و شەش یارییدا، دوانزە خاڵ لەپێش یانەی نەسڕی خاوەنی پلەی دووەمە.
 
لە کاتێکدا ئوخدوود بە بیست و چوار خاڵ لە بیست و شەش یارییدا پلەی پانزدەمی گرتووە.