بێلینگهام رووبەڕووی سزایەکی تووند دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئەگەر هەیە جود بێلینگهامی یاریزانی یانەی ریال مەدرید بۆ ماوەی چەند یارییەک سڕبکرێت، بەهۆی ئەو دەمەقاڵەیەی لەگەڵ خیسۆس خیل مانزانۆی ناوبژیوانی یاریی نێوان ڤالێنسیا و ریال مەدرید تووشی بووە، پاشئەوەی یارییەکە بەیەکسانبوون 2 - 2 گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە یارییەکەدا ریال مەدرید بەدووگۆڵ لە دواوە بوو، بەڵام ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و لە دوا ساتی یارییەکەدا، بێلینگهام گۆڵی سێیەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان ساتێکی کەم بەر لە گۆڵەکە فیکەی کۆتاییهاتنی یارییەکەی لێدا و گۆڵەکەی ئەژمار نەکرد.
 
رەتکردنەوەی گۆڵەکە، بێنەوبەرەی لەنێوان یاریزانانی ریال مەدرید و ناوبژیواندا دروستکرد. یاریزانانی ریال مەدرید لە زوو فیکەلێدانی ناوبژیوان ناڕازیبوون و رەخنەیان لە بڕیارەکە گرت.
 
خیل مانزانۆ، کارتی سووری راستەوخۆی بەڕووی هەریەکە لە جود بێلینگهام و رۆدیگێری یاریزانانی ریال مەدرید، بەرزکردەوە. پاشئەوەی هەردوو یاریزان راستەوخۆ رووبەڕووی ناوبژیوان بوونەوە و رەخنەیان لە بڕیارەکەی گرت.
 
میدیای ئیسپانی دەڵێن، ناوبژیوان لە راپۆرتی خۆیدا لەبارەی یارییەکەوە نووسیوویەتی، "دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، بێلینگهام بەشێوەیەکی دووژمنکارانە لێم نزیکبووەوە و چەند جارێک بەڕوومدا هەڵشاخا و گوتی، ئەوە گۆڵێکی نەفرەتی بوو".
 
میدیاکان دەڵێن، راپۆرتی ناوبژیوان لەلایەن دەستەی ناوبژیوانانی لالیگاوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و بڕیاری لێدەدرێت، ئەگەرچی وەک ئەو میدیایانە گوتوویانە، لیژنەی ناوبژیوانان ناتوانێ لەوە تێبگات بۆچی مانزانۆ لەو ساتەدا فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێداوە و ئەوە کارێکی دروست نەبووە.
 
وێڕای ئەوەش، لیژنەکە لە ئاستی ناوبژیوانەکە رازیبوون و پێیانوایە مانزانۆ و ناوبژیوانی ڤار یارییەکەیان تاوەکو ساتی کۆتایی، بەباشی بەڕێوەبردووە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، مشتومڕەکە تاوەکو بڕیاری لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا بەردەوام دەبێت، بەڵام بەپێی بڕگەی 127ی یاسای رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، دەرکردنەکەی بێلینگهام دەبێتە هۆکار بۆ راگرتنی ئەو یاریزانە لە نێوان دوو تاوەکو سێ یاریی، یان راگرتن و سڕکردن لە یارییکردن بۆ ماوەی مانگێک.