ئەمڕۆ ئامەد سپۆر میوانی فێنارباهچێیە


رووداو – هەولێر

یانەی ئامەد سپۆری باکووری کوردستان ئەمڕۆ ئێوارە لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی چارێکی کۆتایی جامی تورکیا دەبێتە میوانی یانەی فێنارباهچێ.

ئامەد لە یاری چووندا بێ ئامادەبوونی هاندەرانی بەهۆی سزادانەوە بە سێ گۆڵ لەگەڵ فێنار یەکسانبوو، ئەمڕۆ ئێوارەش کاژێر19:15 هەردوو یانەی بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی لە یاریگای شوکرو سارا ئۆگلۆ رکابەری دەکەن.

ئامەد سپۆر لە یارییەکەدا چاوی لە دەستکەوتێکی مێژووییە و دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتوو، بەڵام لەم یارییەشدا هاندەرانی یانەکە ناتوانن ئامادەببن و هانی یانەکەیان بدەن.

یانەی ئامەد سپۆر بەهۆی بەرزکردنەوەی دروشمی جیاواز لە یاریگاکاندا لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا سزادراوە.