هازارد: ریال مەدرید یانەیەکی لەخۆباییە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئیدن هازارد، ئەستێرەی پێشووی یانەکانی چێڵسی و ریال مەدرید باس لە کاتە زەحمەتەکانی لە یانەی شاهانە دەکات و ئەو یانەیە بە "لەخۆبایی" ناودەبات. 
 
هازارد لە ساڵی 2012 پەیوەندی بە یانەی چێڵسییەوە دەکات، لەگەڵ ئەو یانە لەندەنییەدا ئاستێکی نایاب پێشکێش دەکات و زۆر لە هاندەرانی تۆپی پێ ئەستێرە بەلجیکییەکە لە ریزی باشترین یاریزانەکانی مێژووی پرێمەرلیگ دادەنێن.
 
لە ساڵی 2019، هازارد بەبڕی 130 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەکات وەک خۆی دەڵێت، خەونەکەی بەدیهێنا، بەڵام پێکانە یەک لە دوای یەکەکان خۆری هازاردی ئاواکرد و نەیتوانی لە بێرنابیۆ خۆی بدۆزێتەوە، تاوەکو لە ساڵی 2023 گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید هەڵوەشێندرایەوە و لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ وازهێنانی یەکجاری لە تۆپی پێ راگەیاند. 
 
هازارد لە هەڤپەیڤینێکدا باس لە پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە دەکات و دەڵێت "دوایین وەرزم لەگەڵ چێڵسی یەکێک بوو لە باشترین وەرزەکانی کاروانی وەرزشیم، بەخۆمم گوت ئێستا من لە ریال مەدریدم، رەنگە ئەمە دوایین جار بێت بتوانم پشوو بدەم، بۆیە وەک هەمیشە دەستم کرد بە زیادەڕۆییکردن. من حەوت ساڵ لە ئینگلتەرا بووم، لەوێ نەماندەتوانی لە کریسمسدا پشوو بدەین، بۆیە بڕیارم دا ئەو سێ بۆ چوار هەفتەیە بە دڵی خۆم بەسەربەرم، بە گۆشت خواردن و خواردنەوەی شەراب، دواتر لە مەدرید هەموو شتەکان بە ئاراستەیەکی هەڵەدا رۆیشتن."
 
دواتر ئەستێرەکەی پێشووی ریال مەدرید باس لەو ساڵانە دەکات کە لەگەڵ یانەی شاهانە بەسەریبردوون و دەڵێت "من هەر لە منداڵییەوە هاندەری زینەدین زیدانم. بێرنابیۆ و درێسە سپییەکە هەستێکی تایبەتت پێدەبەخشن کە یانەکانی دیکە ناتوانن ئەو هەستەت پێبدەن. مەدرید تایبەتە، بەڵام پێموایە من نەمتوانم خۆم لەگەڵیدا بگونجێنم."
 
هازارد زیاتر دەڵێت "ریال مەدرید  کەمێک لەخۆباییە، منیش بەو شێوەیە نیم و حەزم دەکرد کارەکان بەشێوازی خۆم ئەنجامبدەم و سەربکەوم، تەنانەت من حەزم بەو شێوازەش نەدەکرد کە لە ریال مەدرید یاریمان پێدەکرد، بەڵام یاریکردن بۆ ئەو یانەیە خەونی من بوو، نەمدەتوانی کۆتایی بە کاروانی وەرزشیم بهێنم بەبێ ئەوەی یاری بۆ ریال مەدرید بکەم."
 
دواتر ئەستێرەکەی پێشووی ریال مەدرید دەڵێت "ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە مەدرید لە هەموو شتێک گەورەترە، یاریکردن لەوێ قورسە، رەنگە پێویستم بە راهێنانی زیاتر بووبێت، بەڵام لە خراپترین کاتەکانیشدا تووشی خراپترین پێکانەکان دەبووم. دواتر کاتێک لە نەشتەرگەری گەڕامەوە هێشتا هەستم بە ئازار دەکرد و زۆرم لە خۆم دەکرد. لە وەرزی دووەممدا کارلۆ ئانچێلۆتی هات و بووە راهێنەری یانەکە، بەباشی خۆم ئامادەکردبوو و بەباشی یاریم دەکرد، بەڵام ئازارەکان و پێکانەکان رێگریان لێکردم."
 
هازارد لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەشداری لە 76 یاری کردووە و حەوت گۆڵ و 12 ئاسیستی کردووە، لە هاوینی 2023 ئەو یانەیەی بەجێهێشت و دوای سێ مانگ وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.