راهێنەری هەڵبژاردەی کامیرۆن: لە میسر و محەممەد سەڵاح دەبەینەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

تۆنی کۆنسیساو، راهێنەری هەڵبژاردەی کامیرۆن، لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی میسر گەشبینە و دەڵێت "دەتوانین لە میسر ببەینەوە و بگەینە یاریی کۆتایی".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی کامیرۆن و میسر بەڕێوەدەچێت و براوەکەیان بلیتی یاریی کۆتایی بەدەستدێنێت و رووبەڕووی هەڵبژاردەی سەنیگگال دەبێتەوە، کە لە یەکەم یاریی پێشکۆتاییدا 3-1 لە بورکینا فاسۆی بردەوە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، تۆنی کۆنسیساوی راهێنەری هەڵبژاردەی کامیرۆن، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەبارەت بە یارییەکە بە متمانەوە قسەی کرد و گوتی "یارییەکی بەهێزمان لەپێشەو دەبێت هەموو شتێک بکەین لەپێناو بردنەوە، کە لە تواناماندا هەیە لە هەڵبژاردەی میسر ببەینەوە و بگەینە یاریی کۆتایی".
 
ئەو راهێنەرە زیاتر گوتی "یاریکردن لە شاری دوالا بۆ ئێمە جیاوازە، بەهۆی هەستکردن بە خۆشەویستی جەماوەری بەپەرۆشمانەوە کە عاشقی تۆپی پێیە و بەردەوام پاڵپشتمانە تا دواخولەکی یاری، هیوادارم یاریزانەکانمان یارییەکی باش بکەن، کە من شانازییان پێوە دەکەم".
 
راهێنەرە پۆرتوگالییەکەی هەڵبژاردەی کامیرۆن، باسی محەممەد سەڵاحی ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی میسریشی کرد و لەبارەیەوە گوتی "محەممەد سەڵاح یاریزانێکی گەورە و گرنگە، دەتوانێت لە هەر کاتێکدا جیاوازی دروست بکات، بەڵام بۆ ئەوەی لێیان ببەینەوە پێویستە هاوسەنگی بخەینە نێوان هێڵی ناوەڕاست و هێرشبردنمان".
 
ئەو زیاتر گوتی "دەزانم کە ئێمە رووبەڕووی ئەو هەڵبژاردەیە دەبینەوە کە زۆرترین نازناوی ئەفریقای بردووەتەوە، بەڵام ئێمە ئامادەین و دەمانەوێت بیبەینەوە".