یونس مەحموود: ژمارە و داتاکان دەڵێن من لە ئەحمەد رازی باشترم
رووداو – هەولێر
یونس مەحموود کاپتنی هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند خولی عێراق لە تەنگژە و کێشەی زۆردا تێدەپەڕێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر خولەکە و تۆپی پێی عێراق بەگشتی دەبێت.
یونس ئەو قسانەی لە میانەی بەشداریکردنی گەشتی هەواڵە وەرزشییەکانی رووداودا کرد و گوتی ئەو رووداوەی لە یاری نێوان زەورا و تەڵەبە روویدا ئەوە رووداوێکی بچووکی نێو ئەو کێشانەیە کە تۆپی پێی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت و دەبێت چاوەڕێی رووداوی گەورەتریش بین.
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا کە بۆیە هاندەران بەردیان لە یاریزانەکە گرتووە کە گوتوویەتی دەستکەوتەکانی ئەو لە ئەحمەد رازی باشترن یونس گوتی، ئەوەی روویدا دوورە لە هاندەرانی یانەی زەورا و کێشەکە لە هاندەرانی ئەو یانەیەدا نییە، بەڵام کەسانێک هەن رەفتاری منداڵانە دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێرشبەرەکەی یانەی تەڵەبە رایگەیاند، یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەبێت چارەسەری ئەو کێشانە بکات و سزای ئەنجامدەرانی بدات و لەبارەی ئەوەشی کە یونس گوتبووی دەستکەوتەکانی من لە ئەحمەد رازی باشترن ئەو یاریزانە گوتی داتا و ئامارەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە من باشترم.
لە یاری نێوان هەردوو یانەی تەڵەبە و زەورا لە خولی فۆکسی عێراق هاندەرانی یانەی زەورا هێرشیانکردە سەر یونس مەحموود و بەردبارانیان کرد.