سعودیە ئەستێرەیەکی دیکەی ئەوروپای دەوێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سعودیە لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی محەممەد سەڵاح، یاریزانی میسری و ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول بەردەوامە و یانەیەکی دیکەی گەورەی خولەکە هاتووەوە سەر هێڵ و دەیەوێت یاریزانەکە بگوازێتەوە. 
 
رۆژنامەڤان رودی گالێتی، رایگەیاند کە هاوینی رابردوو یانەی ئیتیحاد لەگەڵ سەڵاح رێککەوتبوو، بەڵام یانەی لیڤەرپوول رێگری لە رۆیشتنی یاریزانەکە کردووە، ئێستا یانەیەکی دیکەی سعودی هاتووەتە نێو رکابەرییەکە و دەیەوێت گرێبەست لەگەل سەڵاحدا بکات. گالێتی ناوی یانەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام رۆژنامەڤانێکی دیکەی باوەڕپێكراو بە ناوی بن جەیکەبس رایگەیاند یانەی هیلال هاتووەتە سەر هێڵ و دەیەوێت سەڵاح بگوازێتەوە ریزەکانی.
 
یانەی لیڤەرپوول ئێستا پلەی یەکەمی ریزبەندیی پرێمەرلیگی گرتووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت یانەکە لە گواستنەوەی زستانەدا بەهیچ شێوەیەک رێگە بە رۆیشتنی سەڵاح نەدات، بەڵام لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ئەستێرە میسرییەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول تەنیا ساڵێکی لێدەمێنێتەوە و ئەوکات تەمەنی 32 ساڵ دەبێت، بەپێی پێشبینییەکان یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت پارەیەکی زۆری لە فرۆشتنی سەڵاح دەستبکەوێت لەجیاتی ئەوەی لە ساڵی 2025 بە خۆڕایی یانەکە جێبهێڵێت.