دۆخی ئێمباپێ بەرەو کوێ؟

 
رووداو دیجیتاڵ

دەنگۆ و هەواڵەکانی تایبەت بە داهاتووی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان کاژێر بە کاژێر نوێدەبنەوە، ئەمشەو کیلیان یارییەکی گرنگی دەبێت.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگ لەبارەی پرسی کیلیان ئێمباپێ نووسیوویەتی "دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، ریال مەدرید لە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بەردەوام دەبێت، پاریس سانجێرمان کاردەکات بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ."
 
رۆمانۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەموو ئەگەرەکان بەتەواوی کراوەن، بابەتی ئێمباپێ پرسێکە پێویستە رۆژ لە دوای رۆژ لەگەڵی بڕۆین، بەڵام بە بۆچوونی من ئێستا هەموو چاوەڕوانییەکان بێ مانان."
 
کریستۆڤ دوگاری، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا لەبارەی کیلیان ئێمباپێوە دەڵێت "تۆپی پێ یارییەکی بە کۆمەڵە و پشت بە ئامارەکان نابەستێت، بەڵکو دەبێت هەوڵدان بێت بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، ئەوەی من لە پاریس سانجێرمان دەیبینم ئەوە نییە."
 
ئەو یاریزانەی پێشووی فەرەنسا زیاتر گوتی "لە دڵەوە هیوادارم ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان بڕوات."
 
میدیای ئیسپانیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هیچ رێککەوتنێکی پێشوەختە لەنێوان ریال مەدرید و کیلیان ئێمباپێ نییە، بۆ ئەوەی یاریزانەکە پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.
 
بڵاوبوونەوەی هەموو ئەم دەنگۆیانە لەکاتێکدایە، کیلیان ئێمباپێ ئەمشەو یارییەکی گرنگی هەیە و لە یاریی کۆتایی جامی فەرەنسا بەرامبەر یانەی تۆڵۆز یاریی دەکەن، لەو یارییەدا کە کاژێر 22:45 لە یاریگەی پارک دێ پرێنسیس بەڕێوەدەچێت.
 
ئێمباپێ رۆژی سێشەممە بەشێوەیەکی ئاسایی و بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە بەشداریی لە مەشقەکانی یانەکەدا کردووە و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.