ڤیدیۆ؛ هیلال دێربیی ریازی بە ئەنجامێکی گەورە لە نەسڕ بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دێربیی ریازە، 56 هەزار هاندەر لە یاریگە شا فەهد ئامادەن بۆ ئەوەی یاریی لووتکەی نێوان هیلال و نەسڕ ببینن، یەکێکیان یەکەمە و ئەوەی دیکەشیان دووەم.
یارییەکە بە هێرشەکانی هیلال دەستیپێکرد، سالم دوسەری لەسەرەتای یارییەکەدا هەلێکی ئاسانی لەدەستدا، نیوەی یەکەم بەبێدەنگیی هەردوولا کۆتاییهات.
لە خولەکی 64 میلینکۆڤیچ ساڤیچ، کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان هێنا و بەلێدانی سەر گۆڵی پێشکەوتنی هیلالی تۆمارکرد و ئاهەنگ و خۆشیی خستە نێو هاندەرانی یانەکەی.
لە خولەکی 89 ئەلیکساندەر میترۆڤیچ بەهەمان سیناریۆی ساڤیچ گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، هەرچەند کریستیانۆ رۆناڵدۆ رەخنەی لە بڕیارەکانی ناوبژیوان گرت و ناڕازیبوو، بەڵام گۆڵەکە هەژمارکرا.
میترۆ بەوە نەوەستا، لە خولەکی 2ـی کاتی زیادکراو گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی هیلالی تۆمارکرد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نەسڕی بەتەواوی بێهیوا کرد.
عەلی بلەیهی بەهۆی گاڵتەکردن بە هاندەرانی نەسڕ بەکارتی سوور دەرکرا، رۆناڵدۆ لە بڕیارەکانی ناوبژیوان ناڕازیبوو و هیلال 3-0 یارییەکەی بردەوە و کۆتایی بە سەرکێشییەکانی نەسڕ هێنا کە 20 یاری بوو نەدۆڕابوو، خۆیشی شوێنی خۆی لە پێشەنگ بەهێزترکرد.
یانەی هیلال لەم وەرزەی خولی سعودیە و چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، بەشێوەیەکی گشتی 22 یاریی ئەنجامداوە، یانەکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەم بردنەوەیە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بووە خاوەنی 41 خاڵ و 7 خاڵ لە پێش یانەی نەسڕی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.
ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، بە تۆمارکردنی ئەم دوو گۆڵەی بەرامبەر یانەی نەسڕ تۆماریکردن، ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 13 گۆڵ و بەجیاوازیی دوو گۆڵ لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پلەی دووەمی گۆڵکارانی خولی سعودیە.