ڤیدیۆ؛ دالکورد گرنگترین یاریی وەرز لە یاریگەی خۆیدا دەکات

 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی دالکورد یەکەم یاریی قۆناخی پلەی ئۆف، بۆ گەیشتن بە خولی پلە یەکی سوێد ئەنجامدەدات و بەبردنەوەی یارییەکە هەنگاوێکی گەورە لە خولەکە نزیکدەبێتەوە.
 
دالکورد لە یەکەم یاریی ئەم قۆناخەدا، کاژێر 21:00 لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی گایس یارییدەکات، بە ئامانجی ئەوەی هەنگاوی یەکەم بۆ گەیشتن بە خولی پلە یەکی سوێد ناسراو بە سوپێرتان بنێت.
 
یاسین ئاراس، راهێنەری یانەی دالکورد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " یاریزانەکانم بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەکارییان بۆ یارییەکە کردووە و دەمانەوێت لە یەکەم یارییدا ببەینەوە، بۆ ئەوەی لە گەیشتن بە خولەکە نزیکببینەوە."
 
هارون ئەحمەد، یاریزانی یانەی دالکورد لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆیەوە دەڵێت " رۆژی پێنجشەممە یارییەکی زۆر گرنگمان هەیە، هیوادارم هاوشێوەی هەموو یارییەکانی رابردوو ببنە یاریزانی ژمارە 12 و ئامادەبن، بە پاڵپشتی ئێوە دەتوانین سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە، کە دوایین یارییمان دەبێت لەم یاریگەی خۆماندا لەم وەرزەدا، هیوادارم هەمووتان ئامادەبن و پاڵپشتی هەموو یاریزانەکان بکەن و هیواخوازم بتوانین دڵخۆشتان بکەین و سێ خاڵەکە ببەینەوە."
 
بۆ گەیشتن بە خولی سوپێرتان، یانەی دالکورد وەک دووەمی خولی ئێتان نۆرا لەم وەرزەدا، رکابەری یانەی گایس دەکات کە لەم وەرزەدا پلەی چواردەیەمی ریزبەندی سوپێرتانی بەدەستهێنا، هەردوو یانە دوو یاریی پلەی ئۆف دەکەن، کامیان بە ئەنجامی هەردوو یارییەکە سەرکەوتوو بێت وەرزی داهاتوو لە خولی سوپێرتان دەبێت.
 
یاریی یەکەمی هەردوو یانە ئەمشەو بەڕێوەدەچێت و یاریی دووەمیشیان رۆژی 5ـی ئەم مانگە دەبێت، لەنێو یاریگەی یانەی گایس.