رۆبین ئامۆریم بۆ هاندەرانی مانچێستەر یونایتد: دەستخەڕۆتان ناکەم


رووداو دیجیتاڵ

رۆبین ئامۆریم، راهێنەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتد، کە شوێنی ئێریک تێن هاگی لە مەشقدانی یانە ئینگلیزییەکە گرتەوە، بەڵێنێکی سەرنجڕاکێشی بەهاندەرانی یانەکەدا و دەڵێ دەستخەڕۆتان ناکەم.
 
دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندن و گەیشتنە رێکەوتن لە نێوان هەموو لایەنەکاندا، یانەی مانچێستەر یونایتد لە بڵاوکراوەیەکدا دەستنیشانکردنی ئامۆریمی بەڕاهێنەری نوێی یانەکە راگەیاند.
 
بەپێی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە، ئامۆریم بڕیارە تاوەکو 2027 لە مەشقدانی یانەکە بەردەوام بێت و پاش 11 رۆژی دیکە، واتە دوای کۆتاییهاتنی گەڕی ئەمجارەی یارییە نێودەوڵەتییەکان، سەرپەرشتیکردنی تیپەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
 
ئامۆریم لە پەیامێکدا دەڵێ، "سوپاسی هاندەرانی مانچێستەر یونایتد دەکەم بۆ پشتگیرییەکەیان، دەستخەڕۆتان ناکەم".
 
ئامۆریم رەتیکردووەتەوە، بەجێهێشتنی سپۆرتینگ لیسبۆن و مەشقدانی یونایتد پەیوەندی بەپارەوە هەبێت، ئەو دەڵێ، "هەندێک پێیانوایە بابەتەکە پەیوەندی بەپارەوە هەیە، بەڵام بەو شێوەیە نییە، بەڵکو چەندین یانەی دیکە هەبوون سێ ئەوەندەی یونایتد پارەیان دەدامێ، بەڵام من رەتمکردەوە، چونکە ئەمە ئەو یانەیەیە کە دەمەوێت لە قۆناخی داهاتوودا کاری لەگەڵ بکەم".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "پرسیارم لەبەرپرسانی مان یونایتد کرد لەبارەی ئەوەی لە کۆتایی وەرزدا بچمە یانەکە، چونکە من خۆم ئەوەم دەویست، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە، لەبەرئەوە دەبوو بەخێرایی بڕیار بدەم و بڕیارمدا و هەر ئەوەش هاندەرمە بۆ کارکردن. کارەکە ئاڵنگارییەکی سەرنجڕاکێشە و ناتوانم رەتی بکەمەوە".
 
ئامۆریم پێویستە بەر لەدەستبەکاربوون لە یونایتد، مۆڵەتی کارکردن لە بەریتانیا بەدەست بهێنێت و تاوەکو رۆژی 11ی ئەم مانگە، لەگەڵ سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی لە کارکردن بەردەوام دەبێت.
 
تاوەکو گەیشتنی ئامۆریم، ڤان نیستەلرۆی لەمەشقدانی تیپەکە بەردەوام دەبێت.
 
بڕیار ئامۆرین لەگەڵ خۆیدا هەریەکە لە ئادیلیۆ کاندیدۆ و کارلۆس فێرناندێز وەک یاریدەدەانی بۆ مەشقدانی تیپەکە لەگەڵ خۆی بباتە یانە ئینگلیزییەکە، ئەمە جیا لە خۆرخی ڤیتاڵ وەک راهێنەری گۆڵپارێزان.
 
ئامۆریم لەگەڵ سپۆرتینگی پۆرتوگالی، دوو نازناوی خولی پۆرتوگال، دوو نازناوی جامی خول و نازناوێکی جامی سوپەری پۆرتوگالی بەدەستهێناوە.