پەرلەمانی عێراق: هەڕەشەکردن لە یونس مەحموود قبووڵ نییە
رووداو - هەولێر
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەلیم ئەلجبوری یونس مەحموودی ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراقی بە سامانێکی نیشتمانی وەسفکرد و رایگەیاند دەبێت پارێزگاری لەو یاریزانە بکەین.
ئەلجبوری لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، یونس مەحموود ماندووبونێکی زۆری لە بەرەوپێشبردنی وەرزشی عێراقدا بینووە و ناکرێت هەڕەشە لەو یاریزانە بکرێت.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە بۆ هەموو لایەنە ئەمنییەکان پێویستە رێگری لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و هێرشکردنە سەر ئەو یاریزانە بگیرێت و لێکۆڵینەوەش لەو هەڕەشانە و ئاشکراکردنی ئەو کەسانە بکەن کە لە رێگەی نامەی مۆبایلەوە هەڕەشەیان کوشتنیان لە یاریزانەکە کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا چەند کەسێکی نەناسراو هەڕەشەیان لە یونس مەحموود کردووە و پێیان راگەیاندووە ئەگەر بەغدا بەجێنەهێڵێت ئەو یاریزانە دەکوژن.