تەرمی مارادۆنا لە گۆڕ دەردەهێنرێت
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای دوو کچەکەی، تەرمی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتینی لە گۆڕ دەردەهێنرێت و دەگوازرێتەوە شوێنێکی دیکە لە بۆیێنس ئایرسی پایتەخت.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئەرجەنتین ئاشکرایانکردووە، دەسەڵاتی دادوەری ئەرجەنتین بڕیارێکی دەرکردووە بۆ گواستنەوەی تەرمی ئەفسانەی تۆپی پێی کۆچکردوو، دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، بۆ مەزارگەیەکی نوێ لە بویێنس ئایرسی پایتەخت، لەسەر داوای دوو کچەکەی، بەئامانجی رێزگرتن لە پاڵەوانی پێشووی جیهان لەگەڵ هەڵبژاردەی تانگۆ.
مارادۆنا، کە سەرکردایەتی ئەرجەنتینی کرد بۆ بردنەوەی مۆندیالی 1986 لە مەکسیک، لە ساڵی 2020 دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری مێشک، لە تەمەنی 60 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دواییکرد.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، خێزانی مارادۆنا مەزارگەیەکی نوێ دروستدەکەن و مۆنۆمێنتێک بۆ هەوادارانی مارادۆنا لە ناوچەی پۆرتۆ مادێرۆ دروست دەکەن، کە نزیکە لە گۆڕەپانی سەرەکی، پلازا دی مایۆ، لە ناوەڕاستی بویێنس ئایرس، هەروەها لە نزیک گەڕەکی لا بۆکایە، کە شوێنی دامەزراندنی یانەی بۆکاجونیۆرزە، و ناودەنرێت "مۆنۆمێنتی ژمارە 10".
ساڵی رابردوو کوڕانی ئەفسانە مارادۆنا، داڵما، جیانینا، خانا و دیجیتۆ، راگەیاندنێکی فەرمییان سەبارەت بەم بابەتە و پڕۆژەی دروستکردنی مەزارگەکە بڵاوکردەوە.
منداڵانی یاریزان و راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، خواستی خۆیان بۆ دروستکردنی یادگارییەک بۆ رێزلێنان لە باوکیان راگەیاند، بەدیاریکراوی لە یەکەم ساڵیادی کۆچی دوایی باوکیان لە تشرینی دووەمی 2021.
لە راپۆرتێکدا کە لە ساڵی 2021 بڵاوکرایەوە، تیمی پزیشکی مارادۆنا تۆمەتبارکرا بەوەی "بەشێوەیەکی نەشیاو و ناتەواو" مامەڵەیان کردووە، ئەمەش ئەفسانەی تووشی ئازار کردووە و بۆ ماوەی زیاتر لە 12 کاژێر پێش مردنی هاوکاری وەرنەگرتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو پزیشکەی 30 ساڵ پزیشکی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین بوو، پێشتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سووربوونی خۆی لەسەر ئەوە دووپاتکردەوە کە مردنی مارادۆنا جۆرێک بووە لە خۆکوشتن.
ئەلفرێدۆ کاهی، دووپاتیکردەوە کە مارادۆنا بە مردنێکی ئاسایی نەمردووە و ئەو لە ژیان بێزاربووبوو، بۆیە لەوانەیە مردنەکەی جۆرێک بێت لە جۆرەکانی خۆکوشتن.
ئەو پزیشکە پێیوابوو ئەگەری ئەوە هەیە مارادۆنا دەستی لە خواردن هەڵگرتبێت یان رێگەی نەدابێت دەرمان و چارەسەری پێبدەن، هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری روودانی جەڵتەکە.
ئەلفرێدۆ کاهی، ئەوەشی ئاشکراکرد کە مارادۆنا جارێکیان لە کۆبا هەوڵیداوە خۆی بکوژێت و ویستوویەتی ئۆتۆمبێلەکەی بخاتە ژێر پاسێکی گەورەوە، بەڵام بە موعجیزە لە مردن رزگاری بووە.
ئەو پزیشکە گوتی "دوای ئەو رووداوە لە مارادۆنام پرسی، دەتویست خۆت بکوژی؟ لە وەڵامدا گوتی لەوانەیە رۆژێک وابکەم، نازانم".
ئەلفرێدۆ کاهی، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتیشی "چەند رۆژێک بەر لە مردنی مارادۆنا قسەم لەگەڵ ڤیرۆنیکا ئۆجیدا کرد، کە یەکێک بوو لە کچە هاوڕێکانی مارادۆنا و دایکی یەکێک لە منداڵەکانییە، ئەو پێیگوتم مارادۆنا بێزاربووە لە ژیان و نایەوێت چیدی بژیت".