ڤیدیۆ؛ خولی نایابی باسکەی کوردستان دەستپێدەکات

رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی باسکەی کوردستان، بڕیاریدا کۆتایی ئەم هەفتەیە یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی باسکەی کوردستان بەبەشداری هەشت یانە دەستپێبکەن. 
 
یارییەکانی خولەکە بەشێوازی خول بە یەک قۆناخ تەواودەبن، واتا یارییەکان بە 7 گەڕ تەواو دەبن و هەر تیپێک زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە دەبێتە پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵ، یانە بەشدارەکان بریتین لە ئەکاد عەنکاوە، سابیس، ئاسۆ، زانکۆی سلێمانی، سۆلاڤی نوێ، زاخۆ، هێرش لەگەڵ گارە. 
 
رەوەند دڵزار، سکرتێری فیدراسیۆنی باسکەی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی باسکەی یانە نایابەکانی کوردستان بە بەشداری 8 یانە رۆژی سێی ئەم مانگە دەستپێدەکەن، هەفتانە چوار یاری بەڕێوەدەچن لە رۆژی پێنجشەممە تاوەکو یەکشەممە دەخایەنێت، واتا هەر رۆژێک یارییەک بەڕێوەدەبەین". 
 
بەرپرسانی فیدراسیۆنی باسکەی کوردستان، کۆبوونەوەی هونەری وەرزی نوێی خولەکەیان لەگەڵ نوێنەرانی یانە بەشدارەکان لە شاری هەولێر ئەنجامدا، بڕیاردرا هەر تیپێک ئەگەر بیەوێت ئاساییە یاریزانێکی عێراقی واتا عەرەب بهێنێتە ریزەکانی. 
 
سکرتێری باسکەی کوردستان، زیاتر گوتی "زیادکردنی یاریزانێکی عەرەب لە ریزی یانەکان وادەکات کە جۆش و خرۆش بکەوێتە یارییەکان، لەبەرئەوەی ئاستی یاریزانەکان بەهێزە و لە عێراق یاریزانی زۆر هەیە بەهۆی ئەوەی ئەوان بەردەوام لەنێو یاریکردن دان". 
 
یانەی ئەکاد عەنکاوە دوو هەفتەیە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی باسکەی کوردستان دەستپێکردووە، یانەکە زیاتر دەیەوێت رکابەری لەسەر ئاستی عێراق بکات و خولی کوردستان بە دەرفەتی ئامادەکاری دەزانێت. 
 
لەیس فوئاد، یاریزانی یانەی ئەکاد عەنکاوە، بۆ رووداوی روونکردەوە "ئێمە راهێنانمان بۆ خولی نایابی کوردستان خراپە و تەنیا دوو هەفتەیە گەڕاوینەتەوە نێو هۆڵی را‌هێنان، پلانی سەرەکیمان خولی پلەیەکی عێراقە و لەوێ دەمانەوێت رکابەری بکەین". 
 
یارییەکانی گەڕی یەکەم لە خولی نایابی کوردستان بەمشێوەیەن: 

 

زانکۆی سلێمانی - سابیس 
سۆلاڤی نوێ - زاخۆ
هێرش - ئەکاد 
ئاسۆ - گارە