ساکا: ئەمساڵ ساڵی بردنەوەی پرێمەرلیگە لەلایەن ئارسیناڵەوە


رووداو دیجیتاڵ

بوکایۆ ساکا، هێرشبەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، پێیوایە ئیدی کاتی ئەوەیە یانەکەی جارێکی دیکە نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێتەوە.
 
ئارسیناڵ لە کۆی 18 خاڵ لە پرێمەرلیگی ئەمساڵ، 14 خاڵی بەدەستهێناوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە. پلەی دووەمی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتووە و بەجیاوازیی تەنیا یەک خاڵ لەپاش لیڤەرپوولی پێشەنگە.
 
ساکا لە لێدوانی بۆ رۆژنامەڤانان، پاش بردنەوە لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر لە گەڕی دووەمی پاڵەوانێتییەکە، گوتی، "نامەوێ گوشاری زۆر لەسەر خۆم و هاوڕێکانم دروست بکەم، بەڵام پێموایە ئێستا ئیدی کاتی بردنەوەی پرێمەرلیگە و ئەمساڵ ساڵی ئێمەیە".
 
یانەی ئارسیناڵ لە مێژووی خۆیدا، 13 جار نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە و سێیەم یانەیە لەبەدەستهێنانی زۆرترین نازناوی خولەکە پاش هەریەکە لە مانچێستەر یونایتد 20 نازناو و لیڤەرپوول 19 نازناو. بەڵام ئارسیناڵ لە وەرزی 2003 - 2004ەوە نەیتوانیوە نازناوی خولەکە بباتەوە.
 
ساکا دەڵێ، "ئێمە لە دوو ساڵی رابردوودا زۆر نزیکبووین لە بردنەوەی نازناوەکە، ئێستاش زیاتر نزیکبووینەتەوە، هیوادارم ئەمساڵ ساڵە گونجاوەکە بێت بۆ بردنەوەی نازناوەکە".
 
ئارسیناڵ لە دوو وەرزی رابردوودا، بەجیاوازیی تەنیا دوو خاڵ و پێنج خاڵ بەدوای یەکدا، نازناوەکانی لەبەرژەوەندی مانچێستەر سیتی رکابەری لەدەستداوە
 
ساکا ئەمساڵ لە پرێمەرلیگ تەنیا یەک گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە و لە یارییەکەی چامپیۆنزلیگیش، بەرامبەر سانجێرمان، گۆڵی دووەمی تیپەکەی تۆمارکرد.