ڤیدیۆ؛ ریڤەر پلەیت لەنێو بۆمبۆنێرادا کلاسیکۆی ئەرجەنتینی بردەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریڤەر پلەیت، لە 260ـەمین یاریی کلاسیکۆی ئەرجەنتیندا، بە ئەنجامی 2-0 سەرکەوتنی بەسەر رکابەرە سەرەکییەکەی بۆکا جونیۆرزدا بەدەستهێنا.
 
ئەم یارییە تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە یانەی بۆکا جونیۆرز لە یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی 0-0 یەکسان بوو لەگەڵ یانەی پاڵمێراسی بەرازیلی لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی لیبرتادۆرێس، کە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەمریکای باشوورە.
 
خۆرخی ئەلمیرۆنی راهێنەری یانەی بۆکا جونیۆرز، ناچاربوو بۆ ئەم یارییە گۆڕانکاری لە ریزەکانی تیپەکەیدا بکات، لە ئەنجامدا تیپی خاوەن یاریگا بەباشی ئامادە نەبوو، بەراورد بە ریڤەر پلەیتی میوان، کە هەفتەیەکی تەواویان هەبوو بۆ ئامادەکاری بۆ ئەم یارییە.
 
لە خولەکی چل و یەکدا ریڤەر پلەیت لە رێگەی ئینزۆ پێرێزەوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
 
ئیدینسۆن کاڤانی، لە خولەکی حەفتا و سێی یارییەکەدا گۆڵی یەکسانکردنەوەی بۆکا جۆنیۆرز تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ئۆفسایدەوە ناوبژیوان رەتیکردەوە.
 
لە خولەکی شەشەمی زیادکراوی یارییەکەدا، ئەنزۆ هێرمان دیاز گۆڵی دووەم و دڵنیایی بۆ ریڤەر پلەیت تۆمارکرد و یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی تیپی میوان کۆتاییهات. 
 
ئەمە یەکەم سەرکەوتنی ریڤەر پلەیت لە ماوەی پێنج ساڵدا لەسەر یاریگەی بۆمبۆنێرا لە بویێنس ئایرس، کە بەهۆیەوە بە سێزدە خاڵ لە کۆی حەوت یارییدا پلەی دووەمی کۆمەڵەی یەکەمی گرتووە و بە خاڵێک لە ئیندیپێندێنتی پێشەنگەوە دوورە.
 
لە کاتێکدا بۆکا جونیۆرز بەهۆی ئەم شکستەوە دابەزی بۆ پلەی دەیەمی کۆمەڵەی دووەم، کە تەنیا حەوت خاڵ لە حەوت یارییدا هەیە.