لە ریال مەدریدەوە بۆ ناسر خلێفی و هەموو جیهان

 
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەڵێت " هاندەران گوناحیان چییە لە یارییە گەورەکان بێبەشببن و دووپاتیدەکەینەوە کە ریال مەدرید سەرکەوتووترین یانەی جیهانە."
 
سەرۆکی ریال مەدرید لە پەیامێکی نوێدا لە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ساڵانەی یانەکە دەڵێت " سانتیاگۆ بێرنابیۆ شوێنێکی ئەفسوناوییە و ئەوەی لە وەرزی رابردوودا لێرە روویدا هەرگیز لەبیر ناکرێت، ریال مەدرید یانەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ژیان و لێرە فێربووین کە هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نەدەین."
 
پێرێز زیاتر ستایشتی یانەکەی کرد و گوتی " ئێمە پێمانوایە کە خاوەنی تیپێکی ناوازەیەن، هەموو یاریزانان و راهێنەرەکانمان مەدریدێستان."
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز لە قسەکانیدا جارێکی دیکەی پرسی سوپەرلیگی ورۆژاندەوە و گوتی " تۆپی پێ لە ئەوروپا نەخۆشە، بۆیەش نەوەی نوێ ئێستا بیر لە ئەنجامدانی ئەو یارییە ناکاتەوە و دەیانەوێت رووبکەنە یارییەکانی دیکە، پێویستە تۆپی پێ بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و پرۆفێشناڵانە بەڕێوەببرێت، دەبێت واز لەوە بێنین کە ببینە هۆکاری دواکەوتنی تۆپی پێ بۆیەش پەنامان بردووەتەوە بەر بیرۆکەیەک بەناوی سوپەرلیگ."
 
خاوەنی بیرۆکەی ئەنجامدانی سوپەر لیگ دەڵێت " ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان گوتوویەتی کە ریال مەدرید بۆیە دەیەوێت بچێتە نێو سوپەرلیگەوە، چونکە لە رکابەری رادەکات، بەڵام ئەو بیری چووەتە کە ریال مەدرید سەرکەوتووترین یانەی مێژووە."
 
سەرۆکی ریال مەدرید هێشتا لەو بارەیەوە قسەیکرد و گوتی " رافایێل نادال و جۆکۆڤیچ لە یاریی تێنسدا 59 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ئەمە شتێکی بێزارکەرە؟ لیڤەرپوول و ریال مەدرید لە ماوەی 67 ساڵی رابردوودا تەنیا 9 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، بۆ دەبێت هاندەران لەم یارییە بەهێزانە بێبەشبکرێن."
 
پێرێز هێرشدەکاتە سەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و دەڵێت " ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا دەستی خستبایە نێو یارییەکانی تێنس، ئەوکاتە فێدێر و نادال دووجار یان سێ جار رووبەڕووی یەکدەبوونەوە."
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز باس لە بردنەوەی باڵۆن دۆر لەلایەن کەریم بنزیماوە دەکات و گوتی " هیچ کەسێک گومانی لەوە نییە کە بنزیما باڵۆن دۆری داهاتوو دەباتەوە، ئێمە خاوەنی باشترین گۆڵپارێزی جیهانین، خاوەنی ڤینیسیۆس جونیۆرین، ئێستا پێنج لە یاریزانانی ریال مەدرید لەنێو 11 باشترین یاریزانەکانی ساڵدان، لەگەڵ راهێنەرێک لە مێژووی بۆ ریال مەدرید تۆمارکردووە."
 
سەرۆکی یانەی شاهانە پەیامێکی ئاراستەی هاندەرانی یانەکەی کرد و گوتی " لەگەڵ بردنەوەی نازناوی چواردەیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا راستەوخۆ بیرمان لە بردنەوەی نازناوی پازدەیەم کردەوە."