چیرۆکی سەیرترین گرێبەستی شکستخواردوو لە مێرکاتۆی هاوینی 2023ـدا

رووداو دیجیتاڵ

ماوەی گواستنەوەی هاوینە بۆ وەرزی 2023-2024 رووداوێکی سەیر و مشتومڕاوی بەخۆیەوە بینی، کە پاڵەوانەکەی یاریزانێکی بوندێسلیگا بوو.
 
نەدیم ئەمیری، یاریزانی ئەڵمانیی یانەی بایەرلیڤەرکوزن، لە چەند رۆژی رابردوودا دەستەوارەیەکی لە یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزییەوە پێگەیشت، کە لە کۆتایی وەرزی رابردوودا بۆ خولی پلە یەکی ئینگلتەرا دابەزی.
 
یانە ئینگلیزییەکە رەزامەندیی یانەی بایرلیڤەرکوزنی بەدەستهێنابوو بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ یاریزانە تەمەن 26 ساڵەکەدا بکات بە بڕی 5 ملیۆن پاوەند.
 
گواستنەوەی ئەمیری لەلایەن لیدزەوە لەسەر راسپاردەی دانیال ڤارکی راهێنەر بوو، کە دەیویست بەر لە کۆتاییهاتنی مێرکاتۆی هاوینەی ریزەکانی تیپەکەی بەهێزتر بکات.
 
بەڵام گرێبەستەکە لە چەند کاژێری رابردوودا شکستی هێنا، سەرەڕای ئەوەی بە گوێرەی میدیاکانی بەریتانی ئەمیری رۆژی دووشەممە بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە دوسێلدۆرفەوە بەرەو ئینگلتەرا گەشتی کردووە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "یاریزانەکە لەگەڵ خێزانەکەی گەشتێکی بۆ لیدز کردووە، و سەردانی دامەزراوەی مەشقەکانی تیپەکەی کردووە، هاوکات گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەش کردووە.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لە کاتێکدا بەرپرسانی لیدز خۆیان ئامادە دەکرد بۆ کۆتاییهێنان بە رێکارەکانی گرێبەستەکە، یاریزانەکە هەمووانی سەرسام کردووە و گوتوویەتی پاشگەز بوومەتەوە و ئامادەنیم بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکە و پاشەکشەی لە پەیوەندیکردن بە تیپەکەوە کردووە.
 
تاوەکو ئێستا نهێنی پاشەکشەی ئەمیری لە پەیوەندیکردن بە یانە ئینگلیزییەکە نەزانراوە، کە فڕۆکەیەکی تایبەتی بۆ دابین کردووە بۆ ئەوەی گەشتی ئەو شارە بکات و سەردانی شوێنەکانی مەشق و راهێنان بکات، ئەمە دوای گەیشتن بە رێککەوتن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا بۆ ماوەی 4 ساڵ.
 
بەپێی رێککەوتنەکە یاریزانەکە مووچەیەکی زیاتر لەوەی وەردەگرت کە لە بایەرلیڤەرکوزن وەریدەگرێت، کە ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە لە هاوینی 2024 کۆتایی دێت.