ڤیدیۆ؛ پاڵەوانی ئەوروپا یۆنانی کردە خاوەنی دووەم میدالیای زێڕ


رووداو دیجیتاڵ

میلیتیادیس تینتۆگلوی یۆنانی وڵاتەکەی کردە خاوەنی دووەم میدالیای زێڕ لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا، دوای ئەوەی رکابەرییەکانی خۆ هەڵدانی یەک بازی بردەوە.

پاڵەوانی ئەوروپا لە یاریی خۆ هەڵدانی یەک بازدا لەسەر ئاستی پیاوان توانیی پلەی یەکەم و میدالیای زێڕ بباتەوە، کاتێک بە 8 مەتر و 41 سانتیمەتر خۆی هەڵدا، هەرچەند میگێل ئیچیڤاریای کۆبیش هەمان ژمارەی تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەوڵی دووەمی یاریزانە یۆنانییەکە باشتربوو میدالیای زێڕ بۆ میلیتیادیس بوو.

پلەی دووەم و سێیەم بۆ کۆبا بوو، کاتێک ئیچیڤاریا میدالیای زیو و مایکێل ماسۆی هاوڕێشی میدالیای برۆنزی رکابەرییەکەی بردەوە.

میلیتیادیسی تینتۆگلو چوارەم یاریزانی یۆنانییە میدالیای زێڕ لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیداندا دەباتەوە، دوای سبێریدۆن لویس لە 1896، کونستانتین سیکلیتێراس لە 1912، کۆستاس کیدێریس لە ساڵی 2000.

لە یارییەکەدا تاجای گایلی جامایکی و پاڵەوانی جیهان پلەی یازدەیەمی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە پاڵاوتنەکاندا تووشی پێکانبوو و تەنیا 7 مەتر و 69 سانتیمەتر خۆی هەڵدا.