مامۆستایەک، قوتابییەک و دووکاندارێک بوونە خاوەنی خەڵاتەکانی رووداو

رووداو دیجیتاڵ

 

لە دوایین رۆژی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024ـدا دوایین دوو یاریی قۆناخەکە بەڕێوچوون و ناسنامەی دوایین  دوو هەڵبژاردەی گەیشتوو بە قۆناخی 8 ئاشکرابوو، و دوایین دوو تیپی دەرکراویش لە یۆرۆ بەرەو وڵاتەکانیان گەڕانەوە. 
 
دوو یاریی بەهێز بەڕێوەچوون و شرۆڤەی تۆڕی میدیای رووداو بۆ یۆرۆی 2024 بەردەوامە و بەشداربووانی پلاتفۆرمەکانی رووداویش رۆژانە 5 خەڵاتی بە نرخی رووداو دەبەنەوە.
 
ميوانی ئەمجارەی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024، بلۆگەری بەنێوبانگی شاری دهۆک، ئارمان ئەمیر بوو، کە لە ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـی رووداو، لەگەڵ هاندەران سەیری یاری کرد و خەڵاتی تەلەڤزیۆنی زیرەکی رووداوی بەخشییە براوەکە.
 
سامان وڵاتژێری بە بووڵتەنی 08:30 رووماڵی دوایین رۆژی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024ـی دەستپێکرد و هەموو زانیارییە پێویستەکان سەبارەت بە هەردوو یارییەکە بە بینەران و بەشداربووانی رووداو دا و کات و شوێنی یارییەکان بە گرافیک خرانەڕوو.
 
پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیاوە نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیاند و چەند هاندەرێکی هەڵبژاردەکان قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد.
 

میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، ئارمان ئەمیری بڵۆگەر بوو، ئەو باسی لەوە کرد کە نەمسا یارییەکی زۆر باشی کرد، بەڵام هەندێکجار هەرچی بکەی، سەرکەوتوو نابی لە بردنەوە، رێک وەک ئەوەی بەسەر نەمساییەکان هات.
 
ئەو بلۆگەرە، کە گوتی هەموو رۆژێک وەرزش دەکات و ناتوانێت بەبێ وەرزش بژیت، زیاتر گوتی "بەخوا تۆپی پێ هەمووی شانسە، کەی تورکیا شایەنی بردنەوە بوو، ئاخر تورکیا بەس بۆ خواردن باشە".
 
ئارمان ئەمیر، زیاتر گوتی "تۆپی پێ هەمووی شانسە، یاریی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتیتان بینی؟ خۆ ریال هیچی نەکرد و مانچێستەر سیتی بەدرێژایی یارییەکە هێرشی دەبرد، کەچی ریال مەدرید یارییەکەی بردەوە، ئەمە ئەگەر شانس نەبێت، چییە؟!".
 
ئەو بلۆگەرە زیاتر گوتی "من شانسم نییە، حەزبکەم هەر تیپێک بدۆڕێت، یەکسەر سەرکەوتن بەدەستدێنێت و دەباتەوە".
 
هەروەها گوتی "رۆناڵدۆ کۆتاییهاتووە و لەسەر ئاستی ئەورووپا هیچی نەماوە بیکات، بەرگریکاران خوێندوویانەوەتەوە و دەزانن چۆن رایبگرن، بەڵام مێسی وا نییە، سەد ساڵی دیکەش کەس ناتوانێت لیۆ رایبگرێت".
 

لە دوایین رۆژی یارییەکانی قۆناخی 16ـی یۆرۆدا دوو یاریی یەکلاکەرەوە بەڕێوەچوون، و لە یاریی یەکەمدا، کە لە کاژێر 19:00 بەڕێوەچوو، رۆمانیا و هۆڵەندا لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنا لە شاری میونشن رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و کوڕانی رۆناڵد کۆمان باڵادەستییان بەسەر یارییەکەدا سەپاند و 3-0 بردیانەوە و گەیشتنە قۆناخی 8ـی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یاریی دووەمیشدا، کە کاژێر 22:00 بەڕێوەچوو، تورکیا بەرامبەر نەمسا لەسەر یاریگەی رێد بول ئارێنا لە شاری لایپزیگ یاری کرد و توانی هەڵبژاردە بەهێزەکەی رانگیگ لە پاڵەوانێتییەکە دەربکات، دوای ئەوەی 2-1 لێیبردەوە.
 
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی هەردوو یارییەکەیان کرد و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو، کە هەمووان پێیانوابوو هۆڵەندا بەشایستەیی گەیشتە قۆناخی داتر، بەڵام لەبارەی یارییەکەی نەمساو و تورکیاوە بۆچوونەکانیان جیاواز بوون.
 
ئەڵمان عارف، پێیوابوو نەمسا شایەنی دەرکردن نەبوو، و گوتی "نەمسا یارییەکی باشی کرد، زۆر دەرفەتی گۆڵکردنی دروست کرد، بەڵام گۆڵپارێزی تورکیا رۆڵی سەرەکی هەبوو لە شکستپێهێنانی نەمسا".
 
ئەو شرۆڤەکارەی رووداو، زیاتر گوتی "نیوەی دووەم نیوەی راهێنەرانە و رانگنیگ توانی لە نیوەی دووەمدا باڵادەستی بەسەر تورکیادا بسەپێنێت، بەڵام تۆپی پێ ئاوایە، هەموو جارێک تیپی باشتر نایباتەوە".
 
کامەران نەسرەدین، سووربوو لەسەر ئەوەی تورکیا بە شانس یارییەکەی بردووەتەوە و گوتی "خۆ تورکیا بە تیکی تاکا یاری نەکردووە بۆ ئەوەی بڵێین بە شانس یارییەکەی نەبردووەتەوە، بەڵێ بە شانس بردییەوە و لە دوو لێدانی کۆڕنەردا دوو گۆڵی کرد".
 
ئەو گوتیشی "هەندێجار تیپ هەیە 300 کۆڕنەری بۆ دێت یەکێکیان نابێتە گۆڵ. ئەمە شانسە شانس، ئەگەر شانس پیاو بووایە دەمکوشت".
 
سەرمەد سامح، گوتی "ناتوانین بڵێین تورکیا لە نەمسای بردەوە، دەبێت بڵێین مۆنتێلای راهێنەری تورکیا لە رانگنیگی راهێنەری نەمسای بردەوە".
 
سەرمەد لەگەڵ ئەوە نەبوو کە بڵێن تورکیا بە شانس سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەران بەڕێوەچوو.
 

وەک هەمیشە لەم رووماڵەدا، رووداو دوو خەڵاتی 'ئایپادی رووداو'ی بەخشییە بەشداربووانی، کە یەکێکیان لە رێگەی پەیامنێری رووداوەوە کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
 
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، ئەندام جەبار پەیامنێری رووداو لە بازاڕی قەزای چۆمان چووە کافتریایەک، کە ژمارەیەکی زۆر بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆ کۆببوونەوە و تیروپشکی ئایپادی رووداوی راکێشا و خەڵاتەکە بووە بەشی کارمەند یوسف، کە مامۆستای وەرزشە و یاریزانێکی بەتوانایە لە تۆپی پێ و کاپتنی تیپێکی ئەو شارۆچکەیە.
 
ئەو مامۆستایە، گوتی "بەڕاستی پێشبینیم نەدەکرد خەڵاتەکە ببەمەوە، چونکە خەڵکێکی زۆر کۆببوونەوە، بەڵام وادیارە قسمەتی من بوو. سوپاس بۆ رووداو".
 
دووەم ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، بووە بەشی گەنجێک لە سلێمانی بەناوی محەممەد سەردار، ئەو لە سلێمانی شەربەت فرۆشە و بە رووداوی گوت "کە کۆمێنتم دەنووسی هاوڕێکانم گاڵتەیان پێدەکردم، بەڵام خەڵاتەکەم بردەوە".
 
پەیامنێری رووداو هونەر حەمید، بۆ بەخشینی خەڵاتی 'مۆبایلیی زیرەکی رووداو' چووە چایخانەیەک لە دەربەندیخان، کە ژمارەیەکی زۆری هاندەران کۆببوونەوە بۆ بینینی یارییەکە.
 
میران محەممەد، خاوەنی چایخانەکە، خاوەنی دەنگێکی خۆشە و سەرەتا گۆرانییەکی گوت و دواتر تیروپشکی خەڵاتەکەی راگەیاند و خەڵاتەکە بۆ گەنجێک بەناوی شەماڵ جەبار دەرچوو، کە خەڵکی دەربەندیخانە.
 
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەڵمان عارف و ئەحمەد سەباح، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ یاریی یەکەم کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی دووەم لە نێوان نەمسا و تورکیا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا. خەڵاتی ئەمشەوی لیرەی زێڕ، کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. بۆ کامیران هەرکی دەرچوو.
 
کامیران هەرکی، خەڵکی ئاکرێیە و ئەمڕۆ لە پۆلی 12ـی ئامادەیی تاقیکردنەوەی هەیە.
 
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری قوتابییەکی پەیمانگا  بوو، بە ناوی موهەنەد ماجد، کە تەمەنی 17 ساڵە و هاندەری هەڵبژاردەی پۆرتوگالە، ئەو بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کردبوو.