مۆرینیۆ بووە راهێنەری فێنارباخچە و ئەمڕۆ دەگاتە تورکیا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی فێنارباخچەی تورکی، بەشێوەیەکی فەرمی جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالیی وەکو راهێنەری نوێی یانەکەی راگەیاند.
 
فێنارباخچە دوای هەفتەیەک لە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پەیوەندیکردنی مۆرینیۆ بە یانەکەوە، بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ راهێنەرەکە راگەیاند، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرێت.
 
چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ مۆرینیۆ بگاتە ئیستەنبوڵ و لە یاریگەی شوکرۆ ساراج ئوگلۆ وەکو راهێنەری نوێی یانەکە پێشوازیی لێبکرێت و بناسێنرێت.
 
کاژێر 17:00 دەرگاکانی یاریگەی فێنارباخچە بەڕووی هاندەرانی یانەکەدا دەکرێنەوە بۆ ئەوەی بچن بۆ پێشوازیکردن لە راهێنەرەکە و بڕیارە کاژێر 19:00 بەفەرمی سپێشەڵ وەن، وەکو راهێنەری یانەکە بناسێنرێت.
 
مۆرینیۆ ئەزموونێکی گەورەی لە کاری راهێنەرایەتیدا، دوای شەش مانگ رۆیشتنی لە یانەی رۆما، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر هێڵی یاریگەکان.
 
جۆزی نزیکبوو پەیوەندی بە خولی سعودیەوە بکات و ببێتە راهێنەری یانەی قادسیەی ئەو وڵاتە، بەڵام دواجار خولی تورکیای هەڵبژارد.
 
مۆرینیۆ بەوە بەنێوبانگە کە حەزی لە ئاڵنگاریی نوێیە، لە پۆرتوگال، ئیسپانیا، ئینگلتەرا و ئیتاڵیا وەکو راهێنەر کاریکردووە و ئەمجارەش لە تورکیا ئەزموونەکەی تاقیدەکاتەوە.