خانمانی جەوییە چاویان لە نازناوی عێراقە

رووداو هەولێر 

بڕیارە ئێواری ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 16:30 دوایین یاری خولی تۆپی پێی کچانی عێراق لەنێو یاریگەی شەعب لە شاری بەغدا بەڕێوەبچێت.
 
دوایین یاریی خولەکە لەنێوان یانەی جەوییە و یانەی نەفتی شیمال بەڕێوەدەچێت، کە خانمانی جەوییە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیان بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ گرتووە، نەفتی شیمال بەجیاوازی 3 خاڵ لە پلەی دووەم دێن، چاوەڕواندەکرێت ململانێیەکی بەهێز لەنێوان هەردوو تیپ ببیندرێت بۆ بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵ. 
 
لیژنەی خانمان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، سەرپەرشتی خولی خانمانی کرد، کە شەشەمجارە ئەم خولە ساز دەکرێت، لە پێنج وەرزی رابردوودا تەنیا وەک تاقیکردنەوە یارییەکان بە بەشداری 3 یانە بەڕێوەدەچوون، بەڵام ئەمساڵ خولەکە بە بەشداری 6 یانە بوو، یارییەکانیش لەسەر یاسا و بنەماکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشێوازی دوو قۆناخ بووە. 
 
رەشا تاڵب، سەرۆکی لیژنەی خانمان، لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆرمان بۆ پێشوازیکردن لە دوایین یاریی خولەکە کردووە، دڵخۆشین وەرزی ئەمساڵ ئاست و رکابەرییەکی بەهێز لەنێوان هەر دوو یانە دەبینین، لەم یارییەدا وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و ژمارەیەک کەسایەتی دیاری وەرزشی ئامادە دەبن". 
 
پاڵەوانی خولی تۆپی پێی خانمانی عێراق بلیتی بەشداریکردن لە خولی خانمانی رۆژئاوای ئاسیا وەردەگرێت کە بڕیارە بە بەشداری 10 یانە یارییەکانی بەڕێوەبچن، فیدراسیۆنی رۆژئاوای ئاسیا تاوەکق ئێستا شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانی دیارینەکردووە. 
 
تاڵب زیاتر روونیکردەوە "بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە مافێکی رەوای یانەکانە و سەربەرزین نوێنەری عێراق بچێتە خولی رۆژئاوای ئاسیا، ئێمەش وەک فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق خەڵاتی داراییان پێشکێش دەکەین، بەڵام لەم کاتەدا بڕەکەی نازانین بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی فیدراسیۆنەکەمان لە وڵاتی قەتەر سەرقاڵی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراقن". 
 
وەرزی ئەمساڵ هیچ یانەیەکی هەرێمی کوردستان بەشداری خولی تۆپی پێی عێراقی نەکردبوو، کچە یاریزانانی کوردستان بە کۆمەڵ کۆچیان بۆ یانەکانی شارەکانی بەغدا کرد، لە ریزی یانەی جەویە 9 کچە یاریزانی کورد یاریدەکەن، لە ریزی یانە نەفتی شیمال راهێنەر و 13 کچە یاریزان کوردن.
 
مەزن محەممەد، راهێنەری یانەی نەفتی شیمال بۆ رووداو، گوتی "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان بۆ یاری کۆتایی ئەنجامداوە و 3 رۆژە لە شاری بەغداین و تیپەکەمان موراڵی بەرزە، بەداخەوە یانەکانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان نەکرد و ئێمە حەزمان دەکرد لە ریزی یەکێک لە یانە کوردییەکان خزمەت بکەین". 
 
یانە بەشدارەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی تۆپی پێی خانمانی عێراق بریتی بوون لە جەوییە، نەفتی شیمال، ئافرەتانی بەغدا، شەهرەبان، ئەلبەدیر لەگەڵ ئەمانە بەغدا.