کەریم بنزیما دەگەڕێتەوە ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئیتیحادی سعودی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەریم بنزیمای ئەستێرە فەرەنسییەکە پەنا دەباتە بەر ریال مەدرید و دەیەوێت هاوکاری بکات بۆ رێگەگرتن لە پێکانە بەردەوامەکانی یاریزانی پێشووی مێرینگێ.
 
یانەی ئیتیحاد پشتڕاستیکردەوە کە پەیوەندی بە هاوتا ئیسپانییەکەیەوە، ریال مەدریدەوە کردووە سەبارەت بە کەریم بنزیمای هێرشبەری پێشووی یانەکەی، کە یاریزانی ئێستای ئیتیحادە.
 
یانە سعودییەکە بڵاوکراوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و دووپاتیکردەوە کە کۆنتاکت لە نێوان ستافی پزیشکیی یانە سعودییەکە و هاوتاکەیان لە ریال مەدرید روویداوە.
 
ئیتیحاد لە بڵاوکراوەکەیدا روونیکردەوە، ئامانج لە هاوئاهەنگییە راوێژکردنە لەبارەی پێکانەکەی ئەستێرەی فەرەنسی کەریم بنزیما، هێرشبەری ئیتیحاد و کاپتنی پێشووی ریال مەدرید، کە بەهۆی پێکانەوە لە قاچی چەپدا لە تیپەکەدا ئامادە نییە.
 
ئەو یانەیە روونیکردەوە، تیمی پزیشکی هەردوو یانە، رێککەوتنیان لەسەر ئەوە کردووە کە بنزیما بچێتە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا و لە کلینیکی پزیشکیی ریال مەدرید پشکنینی زیاتری بۆ بکرێت، بە سەرپەرشتی ئەو پزیشکەی کە سەرپەرشتیی کردووە لە ماوەی یاریکردنی بۆ یانەی شاهانە.
 
یانەی ئیتیحاد ئاماژەی بەوەداوە کە بنزیما پێشتر بەرەو ئیسپانیا گەشتی کردووە و هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە سعودیە.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە ئەم وەرزە له خول و پاڵەوانێتییەکاندا 29 یاری بۆ ئیتیحاد کردووه، لەو ماوەیەدا 13 گۆڵی تۆمارکردووه و 8 ئەسیستیشی هەیە.