سەردانەکەی مێسی بۆ سعودیە، سانجێرمانی تووڕە کردووە


رووداو دیجیتاڵ

پێدەچێ سەردانی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بۆ سعودیە لەپێناو رێکلامکردن بۆ گەشتوگوزاری ئەو وڵاتە، تووڕەیی کارگێڕیی پاریس سانجێرمانی بەدواداهاتبێت.
 
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، یاریزانانی سانجێرمان تووشی شۆک بوون کاتێک بینیویانە مێسی گەشتی کردووە بۆ سعودیە، پاشئەوەی یانەکەیان لە گەڕی 33ی خولی فەرەنسادا دووچاری شکست بوو بەرامبەر لۆریان.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە باسیکردووە، یاریزانانی سانجێرمان بڕیاربوو دوای یارییەکە دوو رۆژ پشوو وەربگرن، هەربۆیە مێسی ئەوەی بەهەل زانیووە و پلانی چوونە سعودیەی داناوە، بەڵام وەک رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو دوو رۆژ پشووە بەر لە یارییەکە دیاریکراوە و کاتێک سانجێرمان دۆڕاوە، پلانی پشووەکە هەڵوەشێنراوەتەوە.
 
لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانکارییە، کریستۆف گالتێ، راهێنەری سانجێرمان، رۆژی دووشەممە یاریزانەکانی بۆ یەکەیەکی مەشقی ئاسایی بانگکردەوە، بەڵام مێسی لە پاریس نەبوو تاوەکو بەشداری لە مەشقەکاندا بکات.
 
راپۆرتەکە دەڵێ، هەڵسوکەوتی مێسی، بەدڵی ژمارەیەکی زۆری یاریزانانی ئەو یانەیە نەبووە و لە ژووری جلگۆڕیندا نیگەرانیی خۆیان لەسەر ئەو کارە ئاشکرا کردووە.
 
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، تەنانەت هاندەرانی سانجێرمان لەو هەڵسوکەوتە زۆر نیگەران بوون، بەتایبەت کە شکستەکە بەرامبەر تۆڵۆز، ئەگەری بەدەستهێنانی نازناوی خولی فەرەنسای لەلایەن سانجێرمانەوە خستووەتە ژێر هەڕەشەوە.
 
بەهۆی دۆڕانەکەی تۆڵۆزەوە، سانجێرمان لە ژێر مەترسی رکابەرەکانیدایە، بەتایبەت کە مارسیلیا تەنیا پێنج خاڵ لێیەوە دوورە و تەنیا پێنج گەڕیش بۆ کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵی خولی فەرەنسا ماوە.
 
مێسی لەبەرئەوەی باڵیۆزی گەشتیاریی سعودیەیە، لەگەڵ ماڵباتەکەیدا گەشتی سعودیەی کردووە و لەوێ چەندین چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی تایبەت بە رێکلامی بۆ ئەو بابەتە هەبووە.