ئەمڕۆ لیڤەرپوول بە بردنەوە لە مان یونایتد نازناوی پرێمەرلیگ دەداتە مان سیتی

رووداو دیجیتال

ئەمڕۆ یانەی مانچێستەر سیتی پێویستی بە یانەی لیڤەرپوولە لە هاوشارەکەی بباتەوە، بۆ ئەوەی بەفەرمی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ.
 
یانەی مانچێستەر یونایتد کاژێر 18:30 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی ئۆلترافۆرد میوانداری لیڤەرپوول دەکات، لە یارییەکی قورسدا کە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر چارەنووسی نازناوەکە و 4 پلەی یەکەمی ریزبەندیی و گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.

یانەی مانچێستەر یونایتد بە 67 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندیی گرتووە و 13 خاڵ لەدوای  مانچێستەر سیتییەوەیە، بۆیە دۆڕاندنی شەیتانە سوورەکان بەرامبەر لیڤەرپوول یانەکەی پێپ گواردیۆلا بۆ جاری حەوتەم لە مێژووی خۆیدا دەکاتە پاڵەوانی پرێمەرلیگ.

مانچێستەر یونایتد له گەڕی رابردوودا لەگەڵ لیدز یونایتد یەکسان بوو، دوای پێنج سەرکەوتنی بەسەریەکەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پیاوانی ئۆلی سۆلشایەر هەوڵدەدەن پارێزگاری لە زنجیرەی نەدۆڕاندنەکانیان بکەن، کە تیپەکە 13 یارییە بەسەریەکەوە تامی دۆڕاندنی نەکردووە.

لیڤەرپوول شەشەمی ریزبەندییە بە کۆکردنەوەی 54 خاڵ، کە 4 خاڵ لە پلەکانی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ دوورە، بۆیە بێجگە لە بردنەوەی ئەم یارییە هیچ جێگرەوەیەکی دیکەی نییە، ئەگەر بیەوێت پارێزگاری لە هیواکانی بکات بۆ گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

هەرچۆنێک بێت، لەم یارییەدا رێدز هەوڵدەدات بە بردنەوەی 3 خاڵی ئەم یارییە پلەی پێنجەم لە وێستهام وەربگرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگیشی لەدەست بچێت، بلیتێکی یۆرۆپالیگ مسۆگەر بکات، کە یۆرگن کڵۆپی راهێنەری راشکاوانە گوتی "یۆرۆپالیگ پاڵەوانێتییەکی جوانە، دەمانەوێت بەشداری تێدا بکەین و بایەخیشی پێدەدەین".

لە رووی پێکهاتە و پێکانەکانەوە، لیڤەرپوول هیچ شتێکی نوێی نییە و هیچ یەکێک لە یاریزانە پێکراوەکانی ناتوانێت بگەڕێتەوە، کە بریتین لە ڤان دایک، ماتیپ، گومێز، هێندرسۆن و ئۆریگێ، تەنانەت نانت فیلیپسیش بە ئەگەری زۆرەوە یاری ناکات، ئەمەش مانای ئەوە دەگەینێت کە فابینیۆ ناچاردەبێت جارێکی دیکە لە دڵی بەرگری یاری بکات.

سەبارەت بە پێکانەکان، مانچێستەر یونایتد لە دۆخێکی باشتردایە و تەنیا مارسیال و فیل جۆنز یاری ناکەن، کە تووشی پێکانی درێژخایەن بوونە، بەڵام ئەوان لە بنەڕەتدا یاریزانی سەرەکی نین، واتە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر پێکهاتەکەی تیپی سۆلشایەرەوە نابێت.

لە دوایین 10 یاریی نێوانیان لە پرێمەرلیگدا، تەرازووەکە هاوسەنگە و هەریەکێکیان دووجار لەوەی دیکەی بردووەتەوە و 6 جاریش یەکسانبوونە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە مێژووی پرێمەرلیگدا شەیتانە سوورەکان باڵادەستن بە بردنەوەی 68 یاری لە لیڤەرپوول، 56 جاریش دۆڕاون و لە 48 یاریشدا یەکسانبوونە.


یارییەکانی ئەمڕۆ:

نیوکاسڵ - ئارسیناڵ 16:00
مانچێستەر یونایتد - لیڤەرپوول 18:30
تۆتێنهام - شێفیڵد یونایتد 21:15