رووداو-هەولێر
یەکێتی لەشجوانیی عێراق، بڕیاریدا لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو پاڵەوانێتی لەشجوانی یانەکانی عێراق لە سلێمانی ئەنجامبدات.
بڕیاربوو پاڵەوانێتییەکە لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وایکرد رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە بڕیاری دواخستنی بدەن.
سورکێو محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی لەشجوانیی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیارماندا لە رۆژی 18ی مانگی حوزەیرانی داهاتوو، پاڵەوانێتی یانەکانی عێراق لە سلێمانی بەڕێوەببەین، بۆ ئەوەی پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی لەشجوانیی عێراق دەستنیشان بکەین و بەشداری لە پاڵەوانێتی وڵاتانی ئاسیا بکەین".
پاڵەوانێتی وڵاتانی ئاسیا، لە مانگی 7ی داهاتوو لە بەحرەین بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی لەشجوانیی عێراق بەسەرپەرشتی هەریەک لە راهێنەران نەوفل حەنون و ئەحمەد قادر دەیەوێت ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات، لەبەرئەوەی ساڵی رابردوو لە هەمان پاڵەوانێتی کە لە چین بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی عێراق 6 میدالیای بردەوە.
سورکێو محەممەد باسی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی یاریزانان دەکات و دەڵێت "بەدڵنیاییەوە داخستنی هۆڵەکانی لەشجوانی کاریگەری لەسەر ئاستی لەشجوانان هەیە، بەڵام متمانەیەکی زۆرمان بە یاریزانەکانمان هەیە، بەتایبەتیش کە لەشجوانانی وڵاتەکانی دیکەش بەهەمان شێوەی ئێمە لە ژێر کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنادان.
لەشجوانانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئاستبەرزییان، ساڵانە نیوەی پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق پێکدەهێنن، وەرزی رابردوو 5 یاریزانی هەڵبژاردەی لەشجوانی عێراق کورد بوون.
جەمال حەربی راهێنەری لەشجوانییە و 20 ساڵە هۆڵی لەشجوانی لە هەولێر هەیە، ئەمساڵ 10 یاریزانی ئامادەکردووە، لەبارەی ئامادەکارییەکانی بە رووداوی گوت، ئامادەکارییەکی زۆرباشمانکردووە، یاریزانەکانم لەسەر ئاستی شارە جیاجیاکانی کوردستانن و دەمەوێت بەهێزترین رکابەر بین بۆ بردنەوەی پلەکانی پێشەوەی پاڵەوانێتی عێراق".
ساڵانە یەکێتی لەشجوانی عێراق 6 پاڵەوانێتی جیاواز بەڕێوەدەبات، بۆ دەستنیشانکردنی یاریزان بۆ پاڵەوانێتیەکانی ئاسیا، عەرەب و پاڵەوانێتی جیهان.
لە مانگی ئاداری رابردووە، بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لەسەرجەم شارەکانی باشووری کوردستان هۆڵەکانی لەشجوانی و سەنتەرەکانی وەرزشکردن داخراون، ئەمەش کێشەی بۆ بەشێکی زۆری یاریزانان دروستکردووە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ پاڵەوانێتییەکان ئامادەبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ