ڤاران: بەهۆی تۆپی پێوە مێشکم شڵەقاوە

رووداو دیجیتاڵ
 
رافایێل ڤاران، یاریزانی فەرەنسی و بەرگریکاری یانەی مانچێستەر یونایتد، لەبارەی زیانەکانی تۆپی پێ لەسەر جەستەی دێتە دەنگ و دەڵێت "نازانم ئاخۆ تاوەکو تەمەنی 100 ساڵی دەژیم یان نا، بەڵام دەزانم کە زیانم بە جەستەم گەیاندووە."
 
ڤاران ، کە لە رابردوودا لە چەند یارییەکدا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی فەرەنسا تووشی شڵەقانی مێشک بووە، لە هەڤپەیڤینێکدا باس لەوە دەکات کە هۆشداری پێویست لەبارەی زیانەکانی تۆپی پێ لەسەر جەستەی مرۆڤ نییە، بەتایبەتی لەبابەتی شڵەقانی مێشکدا. 
 
بەرگریکارە فەرەنسییەکە دەڵێت "یەکەمین جار کە گوێم لە شڵەقانی مێشک بوو لە سەرەتاکانی ئەم وەرزەبوو، هەندێک پسپۆڕ هاتن و باسی ئەو بابەتەیان بۆ کردین. لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لە یەکێک لە یارییەکانی ئەم وەرزەدا زۆر کەلەم لە تۆپەکەدا، لە چەند رۆژی دواتردا هەستم بە ماندوویەتییەکی زۆر کرد و چاوەکانیشم ئاوسان. لەوبارەیەوە ستافی یانەکەم ئاگادارکردەوە و ئەوانیش پێشنیاری ئەوەیان بۆکردم کە بەشداری لە یاریی دواتردا نەکەم."
 
ڤاران زیاتر دەڵێت "کوڕە حەوت ساڵانەکەم تۆپی پێ دەکات، ئامۆژگاری دەکەم کە بەسەری لە تۆپ نەدات، چونکە ئەگەر دەستبەجێش کاریگەری لەسەر درووستنەکات، ئەوا لە داهاتوودا زیانی پێدەگەیەنێت. من نازانم ئاخۆ تاوەکو تەمەنی 100 ساڵی دەژیم یان نا، بەڵام دەزانم کە زیانم بە جەستەم گەیاندووە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا یاریزانەکەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت "ئێمەی یاریزانان لەگەڵ ئازارەکان راهاتووین، لە هەندێک رووەوە وەک سەرباز واین و لە رووی جەستەییەوە بەهێزین. کاتێک قاچت ئازاری پێدەگات و دەشەلیت، ئەوا هەمووان ئازارەکەت دەبینن، بەڵام کاتێک سەرت ئازاری پێدەگات، لاواز دەردەکەویت ئەگەر بڵێیت سەرم دەیەشێت و ماندووم، بۆیە بەخۆمان دەڵێین ئەو ئازارانە تێدەپەڕن."