نەورۆز لە یاریگەی خۆی و دهۆکیش لە دەرەوە یارییان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە رکابەرییەکانی خولی یانە نایابەکانی عێراق، ئەمڕۆ دوو یانەی کوردستان یارییان هەیە، یەکێکیان لە یاریگەی خۆیدا و ئەوەی دیکەشیان لە دەرەوە یارییدەکەن.
کاژێر 15:30 لە رکابەرییەکانی گەڕی 22ـی خولەکەدا، یانەی نەورۆز لە یاریگەی سلێمانی میوانداریی یانەی سناعە دەکات، یارییەکە راستەوخۆ لەسەر پەیجی رووداو سپۆرتس لە فەیسبووک دەگوازرێتەوە.
پرسیار عەبدولرەزاق، یاریدەدەری راهێنەری یانەی نەورۆز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "یارییەکەمان بەرامبەر سناعە یارییەکی گرنگ دەبێت، راستە ئەوان لە ریزبەندییەکەدا لە پلەکانی دواوەن، بەڵام هەموو بیرکردنەوەمان لای یارییەکەیە و یاریزانەکانیش دەبێت تەنیا بیر لەم یارییە بکەنەوە، بەتایبەت کە یارییەکە لە یاریگەی خۆمانە و ئێمە ئامانجمان ئەوەیە لەم قۆناخەدا لە یاریگەی خۆماندا خاڵ لەدەست نەدەین."
بەر لەم یارییە یانەی نەورۆز لە پلەی دوازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ، یانەی سناعە لە پلەی پێشکۆتایی ریزبەندی خولەکە خاوەنی تەنیا 13 خاڵە.
لە یارییەکی دیکەدا کە کاژێر 21:30 لەسەر یاریگەی شەعب لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نەفت یارییدەکات، ئەم یارییەش راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس لە فەیسبووک دەگوازرێتەوە.
سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەی دهۆک لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت "یارییەکە هاوشێوەی هەموو یارییەکانی دیکە گرنگە، راستە رەنگە ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی یانەی نەفت وەک وەرزەکانی رابردوو نەبن، بەڵام ئێمە رێز لە هەمووان دەگرین، یاریزانەکانمان زۆرینەیان ئامادەن، تەنیا نورۆ سۆلێ بەهۆی پێکان، وەلید سەلمان، بەهۆی پێکان و سیابەند عەگیدیش بەهۆی سێ کارتی زەردەوە یاریی ناکەن، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە بەباشترین شێوە دەربکەوین و یاریزانەکانیش ورەیان بەرزەوە و دەمانەوێت باشترین ئاستی خۆمان پێشکێشبکەین."
بەر لە بەڕێوەچوونی ئەم یارییە یانەی دهۆک لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 35 خاڵ، یانەی نەفت 16 خاڵی هەیە و پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.