کاردانەوەکانی دوای راکێشانی تیروپشکی مۆندیالی 2022ـی قەتەر
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە دەوحە تیروپشکی مۆندیالی 2022ـی قەتەر راکێشرا و تیپەکانی هەر 8 کۆمەڵەکەی مۆندیال دیاریکران، راهێنەر و یاریزانانی هەڵبژاردە بەشداربووەکانی ئەم مۆندیالە رای خۆیان لەسەر یارییەکانی مۆندیال و رکابەرانیان نیشاندا.
ئەمانە بەشێکن لە بۆچوونی ئەو راهێنەر و یاریزانانەی دوای تیروپشکەکە رای خۆیان نیشاندا، کە کاردانەوەیان بەمشێوەیە بوو:
تیتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل:
سەرەتا کە ئەنجامی تیروپشکەکەم دیت، گوتم ئەوە باش نییە، پێشتر لە مۆندیالی 2018 رووبەڕووی سویسرا بووینەتەوە، بەڵام ئێستا تێڕوانینم باشترە.
زەحمەتە لە ئێستاوە بزانین کە بەرازیل بەربژێرە بۆ بردنەوەی مۆندیال، چونکە هێشتا 9 مانگمان لەپێشە، گوتوومە بەرازیل هێشتا پێویستی بە گەشە و یەکگرتنە.
ئیکوادۆر بە بۆچوونی من دەبێتە سوپرایزی ئەم مۆندیالە و هەمووان سەرسام دەکات، بەهۆی تواناکانیان و هێزی جەستەییان، دەکرێت هەر تیپێک لەو ماوەیەدا بەباشی خۆی ئامادە بکات.
تۆپی پێ لە سربیا بەشێوەیەکی زۆر باش دەکرێت، ئەوان یارییەکی جوان دەکەن، یارییەکەمان لەگەڵیاندا لە مۆندیالی 2018 بەو شێوەیە بوو، ژمارەیەکی زۆر کەم تۆپی درێژیان هەیە و یاریزانەکانیان لە یەکدی نزیکن، ئەوان تیپێکی زۆر باشن.
لویس ئێنریکی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا:
ئەرکەکە ئاسانە؟ وایە ئاسانە؟ ئاسانە لەگەڵ ئەڵمانیا؟ باشە رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە و جوان دەبێت، کۆمەڵەیەکی جوان و بەهێزە لەگەڵ رکابەرێکی گەورە، ئەوان راهێنەرێکی نوێیان هەیە و لە قۆناخی خۆنوێکردنەوەدان، بەهێزن، بەڵام ئێمەش ئیسپانیاین.
چێژ لە یارییەکانمان لە مۆندیال وەردەگرین، ئەوە جامی جیهانییە، هەر چوار ساڵ جارێک دەیکەین.
ئێمە لە هیچ یارییەکدا شێوازی یاریکردنمان ناگۆڕین، یارییەکە مۆندیال بێت یان دۆستانە، هەر هەڵبژاردەیەکی مۆندیال دەتوانێت لێمان بباتەوە، بەڵام ئێمەش دەتوانین لە هەر هەڵبژاردەیەک ببەینەوە.
هانسی فلیک، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا:
رووبەڕووبوونەوەی ئیسپانیا لە مۆندیالدا زۆر جوان دەبێت، کۆمەڵەکەمان زەحمەتە و یارییەکانی جێگەی بایەخ دەبن، هەرگیز ئاسان نابن.
ئێمە پلانی گەورەمان بۆ ئەم مۆندیالە هەیە، بەڵام بێگومان هیچ کۆمەڵەیەکی ئاسان لە مۆندیالدا نابێت، چونکە هەر هەڵبژاردەیەک سیفەتی جیاکەرەوەی خۆی هەیە.
ئێمە دڵخۆشین بە کۆمەڵەکەمان، دەبێت هەر لە سەرەتاوە هێزی خۆمان پیشانبدەین، دەمانەوێت بگەینە دوورترین شوێن، کە پێمانباشە ئەو شوێنە یاریی کۆتایی بێت.
ئێمە زۆر دڵخۆشین و ئاسوودە دەبین ئەگەر بزانین چۆن دەستپێدەکەین و چۆن دەتوانین بەردەوام بین.
مانوێل نویەر، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا:
ئەوە روون و ئاشکرابوو کە دەبووایە رووبەڕووی تیپێکی بەهێز لە ئاستی یەکەم ببینەوە.
ئێمە یادگارییەکی ناخۆشمان لە دوا یارییماندا لەگەڵ ئسپانیا هەیە، بەڵام ئەوە هەرگیز دووجار بەسەریەکەوە بەسەرمان نەهاتووە، دڵنیام ئێمە ئاستێکی بەرز پیشان دەدەین و مۆندیالێکی بەهێز پێشکێش دەکەین.
هەموو رکابەران بەهێزن، دەبێت لە باشترین دۆخدا بین و باشترین ئاستمان پێشکەش بکەین، کە لە راستیدا لە دوایین پاڵەوانێتییەکاندا باش نەبووین، ئەوەی پێویست بوو بەدەستمان نەهێنا، بۆیە دەمانەوێت لە مۆندیالی قەتەر قەرەبوویان بکەینەوە، تاکە ئامانجمان بردنەوەی جامی جیهانە.
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین:
ئێمە لە کۆمەڵەیەکداین لەگەڵ کۆمەڵێک تیپی بەهێز و زەحمەت.
مەکسیک دەناسین، تیپێکی رکابەرە و خاوەن کۆمەڵێک یاریزانی باشە، پێموایە ئێمە دەتوانین لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئاستێکی باش پێشکێش بکەین، بەڵام ئەوپەڕی رێز لە هەموو رکابەرەکانمان دەگرین.
مەکسیک لە رووی مێژووییەوە رکابەرێکی زەحمەتە بۆ ئێمە، پۆڵەندا تیپێکی باشە و خاوەن کۆمەڵێک یاریزانی بەتوانایە، لیڤاندۆڤسکی بەڕاستی دیاردەیە، سعودیەش شوێنێکی باشی لە ریزبەندیدا هەیە، ئێمە وەک یەک سەیری هەموو رکابەرەکانمان دەکەین.
دەمانەوێت هەموو خەڵکی چێژ لە مۆندیال وەربگرن، هیودارم تا کۆتایی وابێت و منیش لەگەڵ یاریزانەکانم کە درێسی ئەرجەنتین لەبەردەکەن چێژ وەربگرم، هەموومان بەیەکەوە بەهێزترین.
فیلیکس سانچێز، راهێنەری هەڵبژاردەی قەتەر:
هیچ سیناریۆیەکی باش یان خراپ لە مۆندیالدا بوونی نییە، ئەمە واقیعە و دەبێت ئەو هەڵبژاردانەی رووبەڕوویان دەبینەوە بناسین و لێیانبکۆلینەوە.
ئەرکەکەمان زەحمەت دەبێت، بەڵام هەر هەڵبژاردەیەک و هەر کۆمەڵەیەک بێت زەحمەت دەبێت و پێویستە خۆمان بە باشی ئامادە بکەین.
ئایا رووبەڕووبوونەوەی یەکەم لەگەڵ ئیکوادۆر باشترە لە سەنیگال و هۆڵەندا؟ لە راستیدا دڵخۆشین بە رووبەڕووبوونەوەی ئیکوادۆر، بەڵام بێگومان یارییەکی زەحمەت دەبێت، پێش چەند ساڵێک بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە یاریمان کردووە، کە زەحمەت بوو.
هەوڵدەدەین بە باشترین شێوە خۆمان ئامادە بکەین و باشترین ئاست پێشکێش بکەین و گەلی عەرەبی شانازیمان پێبکات.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆڵەندا:
بەڕاستی زۆر بە پەرۆشم بۆ دەستپێکردنی مۆندیال، ناتوانم چاوەڕێ بم تاوەکو یارییەکانی جامی جیهانی لە قەتەر دەستپێدەکەن.
ئێمە کەوتووینەتە کۆمەڵەیەک کە دەبێت بەرامبەر چەند هەڵبژاردەیەکی بەهێز یاری بکەین، بەڵام هەوڵدەدەین بە باشترین شێوە لەو مۆندیالەدا دەربکەوین.