تەلەڤزیۆنی ریال مەدرید هێرشدەکاتە سەر ناوبژیوانانی یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا

رووداو دیجیتاڵ
 
تەلەڤزیۆنی فەرمی یانەی ریال مەدرید هێرشدەکاتە سەر ناوبژیوانانی یاریی یانەکەیان بەرامبەر ڤالێنسیا و رەخنەی تووندیان لێدەگرێت. 
 
بابەتی رەخنەگرتن لە ناوبژیوانان لەلایەن تەلەڤزیۆنی یانەی ریال مەدریدەوە ماوەیەکی زۆرە لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە و زۆر لە یانەکان ناڕەزایەتییان لەو بارەیەوە نیشانداوە و باسیان لەوە کردووە کە ئەو کارە دەبێتە هۆی گوشاردروستکردن لەسەر ناوبژیوانان. لە بەرواری 24-2-2024، یانەی سێڤییا رایگەیاند کە سکاڵای فەرمییان لە دژی ڤیدیۆیەکی تەلەڤزیۆنی یانەی ریال مەدرید تۆمارکردووە، بەڵام دواتر لیژنەی تەمبێکاری بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لەبارەی داواکەی سێڤییاوە نەکات و هیچ سزایەکی ریال مەدرید نەدات، بەبیانووی ئەوەی بەڵگەنامەکانی سێڤییا ئاماژەیان بەو یاسایەنە نەداوە کە گوایە یانە مەدریدییەکە شکاندوونی.
 
لە گەڕی 27ـی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید دەبێتە میوانی ڤالێنسیا، هەریەکە خیل مەنزانۆ وەک ناوبژیوانی یەکەم و خۆسێ لویس مونوێرا مۆنتێرۆ وەک ناوبژیوانی ڤار دەستنیشانکراون. تەلەڤزیۆنی ریال مەدریدیش جارێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوبژیوانانە و ڤیدیۆیەک بڵاودەکاتەوە کە تێیدا وەک خۆی دەڵێت، هەڵەکانی ئەو ناوبژیوانانە پێشاندەدات کە لە رابردوودا بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجامیانداوە. 
 
لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا، چەند دیمەنێک لە یاریی نێوان ڤالێنسیا و ریال مەدرید پێشاندەدرێن، کە لە گەڕی نۆیەمی وەرزی 2020/2021ـی لالیگادا بەڕێوەچوو و خیل مەنزانۆ ناوبژیوانی یەکەمی یارییەکەبوو، تێیدا یانەی ریال مەدرید سێ لێدانی سزای لەسەر هەژمارکرا و یارییەکەی بە ئەنجامی 4-1 دۆڕاند، ڤیدیۆکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دوو لەو سێ لێدانە سزایەی لە دژی ریال مەدرید هەژمارکراون نادرووستبوونە و بڕیاری هەڵەبوونە، دواتر چەندین بڕیاری دیکەی "هەڵە"ـی خیل مەنزانۆ پێشاندەدر‌ێت.
 
تەلەڤزیۆنەکە بەوەوە ناوەستێت و هێرش دەکاتە سەر مانوێرا مۆنتێرۆی ناوبژیوانی ڤار و چەند بڕیارێکی "هەڵە"ـی ئەو ناوبژیوانە پێشاندەدات کە لە رابردوودا بەرامبەر ریال مەدرید کردوویەتی.
 
هێرشکردنە سەر ناوبژیوانان لەلایەن تەلەڤزیۆنی ریال مەدریدەوە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو یانەیە تووشی رەخنەیەکی زۆر ببێتەوە و بەشێک لە هاندەران پێیان وایە ئەو کارە دەبێتە هۆی ئەوەی ناوبژیوانان گووشاریان لەسەردرووستببێت و بڕیاری نادرووست لەبەرژەوەندی ریال مەدرید بدەن.