ریال مەدرید، گولەر بەڕێدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بیر لەوە دەکاتەوە ئاردا گولەر، یاریزانی لاوی تورکی و هێرشبەری تیپەکە بەخواستن بەیانەیەکی دیکە بدات.
 
گولەر هاوینی رابردوو بەبڕی 20 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی فێنارباخچەی تورکییەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، لەگەڵ یانە ئیسپانییەکەدا تاوەکو ئێستا تەنیا 92 خولەک بەشداری یارییەکانی کردووە. 
 
بەپێی ماڵپەڕی ریلێڤۆی ئیسپانی، بیرۆکەی بەخواستن دانی ئاردا گولەر بە یانەیەکی دیکە لە یانەی ریال مەدرید زیاد دەکات و ئەو بەشێک لە ئەندامانی ئەو یانەیە پێیان وایە باشترین بژاردە بۆ ئەو یاریزانە ئەوەیە لە یانەیەکی دیکە بە دوای خولەکی یاریکردندا بگەڕێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا، کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری ریال مەدرید لە بارەی بیرۆکەی ئەوەی گولەر بە خواستن پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، دەڵێت "پێموایە یاریزانێکی لاوی وەک ئەو پێویستی بەوە هەیە یاریبکات بۆ ئەوەی پێشبکەوێت و کوالێتی خۆی پێشانبدات، ئەوەش لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی یانەکە یەکناگرێتەوە. من دەمەوێت هاندەران بەهرەی ئەو ببینن، بەڵام کاتی خۆی دێت."
 
رێلێڤۆ راشیگەیاند کە ریال مەدرید بە ووردی خوێندنەوە بۆ ئەو یانانە دەکات کە دەیانەوێت گولەر بە خواستن بگوازنەوە، یانە مەدریدییەکە دەیەوێت یاریزانەکەی رۆڵی سەرکردە بگێڕێت لەو یانەیەی پەیوەندی پێوەدەکات و هەلی یاریکردنی پێبدرێت.