ڤیدیۆ؛ راهێنەری زاخۆ بۆ رووداو: لەوپەڕی ئامادەباشیداین بۆ بردنەوە لە شورتە

 
رووداو دیجیتاڵ

راهێنەری یانەی زاخۆ ئامادەیی تیپەکەی بۆ یاریی لووتکەی خولی عێراق، لە بەرامبەر یانەی شورتە راگەیاند، کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە کاژێر 13:30 لە یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ دەکرێت، یارییەکە راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرت لە فەیسبووک دەگوازرێتەوە.
 
لەبارەی یارییەکەوە عەبدولوهاب ئەبولهێل، راهێنەری یانەی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " بەدڵنیاییەوە یارییەکە بۆ هەردوو تیپ قورسە، یانەی شورتە ئێستا پێشەنگی خولەکەیە، تیپێکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، زۆر نزیکە لەبەدەستهێنانی نازناوی خولەکە، ئەمەش دەستکەوتە بۆ ئەوان و ئەگەر نازناوەکەیان بردەوە  پیرۆزباییان لێدەکەین."
 
راهێنەری زاخۆ دەڵێت " سوپاس بۆخوا یاریزانەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشیدان، هەمووان دەزانن کە یارییەکە قورسە و وێڕای یارینەکردنی هەندێک یاریزانمان، بەڵام متمانەمان بە یاریزانەکان هەیە."
 
لەبارەی پرسیارێکی رووداو کە ئەگەر ئەم یارییە بدۆڕێنن واز لە کارەکەی دەهێنێت، یان دووردەخرێتەوە؟ راهێنەری زاخۆ گوتی " نا بەپێچەوانەوە ئێمە دۆخمان زۆر باشە، تیپەکەمان وێرای دۆخی قورسی و رۆیشتنی نزیکەی هەشت تاوەکو نۆ یاریزان، بەڵام هێشتا لەپێشەوەیە. ژمارەیەک یاریزانی لاومان هێناوە و ئامادەیان دەکەین بۆ وەرزی داهاتوو."
 
عەبدولوهاب زیاتر دەڵێت " لە چوار یاری رابردوومان، سێ یاریمان لەدەرەوەی یاریگەی خۆمان ئەنجامداوە، تەنیا یەک یاریمان لە یاریگەی خۆماندا بووە و پشتبەخوا لە یارییەکەدا جەماوەرەکەمان دڵخۆش دەکەین و ئامانجی ئێمە ئەوەیە یەکێک بین لە هەشت تیپەکەی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە و لەسەرەتاشەوە ئەوەمان بە ئامانجی خۆمان دانابوو."
 
راهێنەری یانە کوردستانییەکەی خولی عێراق بە رووداوی گوت " لە جامی عێراقیشدا ئێمە دۆخمان لە هەموو یانەکانی دیکە باشترە، یاری قۆناخی هەشتمان هەیە و ئەگەر لەوێ سەرکەوتووبووین دەگەینە چارەکی کۆتایی جامەکە و ئەمەش بۆخۆی دەستکەوتێکە و تیپەکەمان لەسەر رێگەی راستە و پشتبەخوا کارگیڕی و هاندەران و یاریزانان لەپاڵ یەکدەبن بۆ ئەوەی ئەمساڵ ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنین."