ڤیدیۆ؛ دێربیی میلانۆ بەبێ گۆڵ کۆتاییهات

رووداو دیجیتاڵ

 

دێربیی میلانۆ بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ لەنێوان هەردوو یانەی شارەکە، میلان و ئینتەرمیلان کۆتاییهات و لە دێربی داهاتوودا بلیتی یاریی کۆتایی جامی ئیتاڵیا لەنێوان خۆیاندا یەکلاییدەکەنەوە.
 
میلان لەسەر یاریگەی سان سیرۆ میوانداری ئینتەرمیلانی کرد، لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیا، کە بە درێژایی 90 خولەک هیچ لایەک نەیتوانی تۆڕی گۆڵی رکابەرەکەی بهەژێنێت.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا میلان باشتر و مەترسیدارتر دەرکەوت، کە لە خولەکی 10 دووجار دەرفەتی گۆڵکردنی بۆ رەخسا، بەڵام سالێمەيكێرس و تیۆ هێرناندێز لە دوو هەوڵی گۆڵکردندا سەرکەوتوو نەبوون.
 
تاوەکو نیوەی یەکەم کۆتاییهات هەردوو یانە جارجار مەترسییان لەسەر گۆڵی یەکدی دروستدەکرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە گۆڵکردن و نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا هەمان سیناریۆی نیوەی یەکەم دووبارە بووەوە، کە بەشێوەیەکی گشتی رۆسۆنێری باشتر یاری دەکرد و مەترسیدارتر بوو، بەڵام ئەو نیوەیەش و یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا، هەردوو یانە لە یاریی گەڕانەوەدا لەسەر هەمان یاریگە رووبەڕووی یەکدی ببنەوە، بۆ ئەوەی یەکێکیان بیتی یاریی کۆتایی بەدەستبێنێت.
 
ئەمشەویش هەردوو یانەی فیۆرێنتینا و یوڤێنتوس یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی لەسەر یاریگەی فیۆرێنتینا ئەنجام دەدەن.