ڤیدیۆ؛ گۆڵێکی ئەفسووناوی لە خولی سعودیە


رووداو - هەولێر

دێربی خولی سعودیە، لەنێوان هەردوو یانەی ئەهلی و ئیتیحاد بەیەکسانبوون کۆتاییهات و یارییەکە گۆڵێکی سەرنجڕاکێش و جوانی بەخۆیەوە بینی.

لە رکابەرییەکانی گەڕی 22ـی خولەکە، هەردوو یانە لە یارییەکی بەهێز و دێربیدا لەسەر یاریگەی جەوهەرە بە ئامادەبوونی نزیکەی 45 هەزار هاندەر رووبەڕووی یەکبوونەوە و یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان کۆتاییهات.

لە خولەکی 70 رۆماریۆ ریکاردۆ داسیلڤای بەرازیلی بەلێدانی سەر گۆڵێکی بۆ ئیتیحاد تۆمارکرد، بەڵام دوای 8 خولەک عومەر سۆمە، هێرشبەری سووری گۆڵێکی سەرنجڕاکێش و ئەفسووناویی بۆ ئەهلی تۆمارکرد و ئەنجامی یارییەکەی یەکسانکردەوە.

یارییەکە بەهۆی گرنگی و بەهێزییەوە لەلایەن دامیر سکۆمینا، ناوبژیوانی سلۆڤینی و یەکێک لە ناوبژیوانە بەناوبانگەکانی ئەوروپا بەڕێوەبردرا کە ئێستا یەکێک لە دیارترین ناوبژیوانەکانی چامپیۆنزلیگیشە.

دوای ئەم یارییە ئەهلی لە پلەی پێنجەمە بە کۆکردنەوەی 37  و ئیتیحادیش لە پلەی چواردەیەمە بە 16 خاڵ.