ئەستێرەیەکی ریال مەدرید تۆمەتباردەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی خیتافی ئەستێرەیەکی ریال مەدرید تۆمەتباردەکات بەوەی هێرشی کردووەتە سەر یاریزانێکی یانەکەیان و رەنگە داوای یاسایی لەسەر تۆماربکات. 
 
لە ‌گەڕی 20ـەمی لالیگا، یانەی ریال مەدرید بووە میوانی خیتافی و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێبردەوە.
 
لە کاتی یارییەکەدا، بێلینگهام تۆپێک لە مەیسن گرینودی ئەستێرەی یانەی خیتافی وەردەگرێت، لە دیمەنی کامێراکاندا دەردەکەوێت کە جود قسەیەک بە گرینود دەڵێت و واپێدەچێت پێی بڵێت "Rapist" کە بە مانای دەستدرێژیکەر دێت.
 
لە ساڵی 2022 گرینود بە تۆمەتی تووندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبارکرا، کە ئەوکات لە یانەی مانچێستەر یونایتدبوو، بەو هۆیەوە  یانە ئینگلیزییەکە بڕیاریدا یاریزانەکە دووربخاتەوە و لە مانگی 9ـی ساڵی رابردوو یاریزانەکە بە خواستن پەیوەندی بە یانەی خیتافییەوە کرد.
 
بەپێی ماڵپەڕی کادینا سێر، خیتافی داوای کردووە ئەو رووداوە لە راپۆرتی یارییەکەدا بنووسرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت، هەروەها بەپێی ئەو ماڵپەرە، یانە ئیسپانییەکە داوای لە لالیگا کردووە کە رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر ئەگەر سەلمێنرا بێلینگهام ئەو کارەی بەرامبەر گرینود کردبێت.
 
ئیتورلادێ گۆنزالێز، ناوبژیوانی پێشووی لالیگا لەو بارەیەوە دەڵێت "دەکرێت سزا بدرێیت ئەگەر ئەو قسەیە بکەیت. ئەگەر خیتافی بیەوێت بەرگری لە گرینود بکات، دەبێت کەیسەکە بۆ دەستەی لالیگا ببات، ئەوانیش رێکاری پێویست دەگرنە بەر، خیتافی دەتوانێت دیمەنەکان پێشکێشی ئەو دەستەیە بکات و بێلینگهام تۆمەتباربکات."