لاپۆرتا هێرش دەکاتە سەر ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا هێرش دەکاتە سەر یانەی ریال مەدرید و دەڵێت "یانەیەکی وەک ریال مەدرید نابێت باسی ناوبژیوان بکات. بۆ ماوەی 70 ساڵ ناوبژیوانان لەلایەن هاندەر و ئەندامانی ریال مەدریدەوە دیاری دەکران."
 
لەبارەی دۆسێی نێگرێراوە کە تێیدا یانەی بارسێلۆنا تۆمەتبارکراوە بەگەندەڵی وەرزشی و بەرتیلدان بە خۆزێ ماریا ئینریکێز نێگرێرای جێگری پێشووی سەرۆکی ناوبژیوانانی ئیسپانیا، لاپۆرتا دەڵێت "میدیاکان زۆر قسە دەکەن لەبارەی ئەوەی بارسا ناوبژیوانی کڕیوە، بەڵام هیچ شتێک نەسەلمێندراوە. باوەڕم بە یاسا هەیە، من خۆم پارێزەرم و دڵنیام بارسا بێتاوان دەردەچێت، چونکە راستییەکە ئەوەیە ئێمە هەرگیز ناوبژیوانمان نەکڕیوە."
 
سەرۆکی بارسێلۆنا زیاتر دەڵێت "ریال مەدرید بەشێوازێكی قبوڵنەکراو هەڵسوکەوت دەکات، دادوەر ماوەی لێکۆڵینەوەی لە دۆسێی نیگرێرا درێژکردەوە لەسەر داواکاری مەدرید."
 
دواتر لاپۆرتا باس لە کەناڵی فەرمی ریال مەدرید دەکات، ئەو کەناڵە پێش یارییەکانی ریال مەدرید هێرش دەکاتە سەر ناوبژیوانانی یارییەکان و رەخنەی تووندیان لێدەگرێت، سەرۆکەکەی بارسا دەڵێت "کەناڵی ریال مەدرید شەرمەزارکەرە، ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر ئالمێریا روویدا شەرمەزارییەک بوو کە هەموو جیهان بینی. کەناڵی بارسا هەرگیز پڕۆپاگەندەی لەو شێوەیە بڵاوناکاتەوە، پێویستە فێدراسیۆنی ناوبژیوانان هەڵوێستیان هەبێت. یارییەکەی بەرامبەر ئالمێریا شەرمەزارکەربوو، کەچی دواتر دەڵێن ناوبژیوان یارمەتی بارسا دەدات، ئەوە ئێمەی زۆر تووڕە کردووە." لە گەڕی 21ـی لالیگا، یانەی ریال مەدرید میوانداری ئالمێریای کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-2 لێبردەوە، بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە بوونە جێگەی مشتومڕی میدیاکان و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. 
 
 
لاپۆرتا زیاتر دەڵێت "یانەیەکی وەک ریال مەدرید نابێت باسی ناوبژیوان بکات، بۆ ماوەی 70 ساڵ ناوبژیوانان لەلایەن هاندەر و ئەندامانی ریال مەدریدەوە دیاری دەکران."