ڤیدیۆ؛ هەواڵی نوێ لەبارەی ئێمباپێ گەیشت

 
رووداو دیجیتاڵ

چیرۆکی رکابەریکردن لەسەر گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ دەستیپێکردەوە، ریال مەدرید جارێکی دیکە هەوڵی گواستنەوەی یاریزانە دەدات، چەند سەرچاوەیەکیش دەڵێن "ئێمباپێ لە مەدرید شوێنی مانەوەی دەستنیشانکردووە."
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگ دەڵێت "مانگی یەک بۆ کیلیان ئێمباپێ زۆر گرنگە و ریال مەدرید بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی دۆخی یاریزانەکە."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، کیلیان ئێمباپێ شوێنی مانەوەی لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دیارییکردووە، هەنگاوەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هیچ پێشڤەچوونێکی بەخۆیەوە نەبینیووە.
 
تۆماس رۆنسێرۆ، رۆژنامەڤان و هاندەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت "پێویستە ئێمباپێ گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید بکات، یان بۆ هەمیشە یانەکە لەبیر بکات."
 
تۆماس گۆنزالێس نووسیوویەتی "پێویستە ئێمباپێ ریال مەدرید، چامپیۆنزلیگ و باڵۆن دۆر هەڵبژێرێت، یانیش بەدەستهێنانی پارەیەکی زیاتر و بەردەوامبوون لە دابەزین."
 
جگە لە ریال مەدرید کە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکە دەدات، یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بە رژدی کار بۆ گواستنەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە دەکات و دەیەوێت کیلیان بباتە پرێمەرلیگ.
 
رۆژنامەی فۆت مێرکاتۆ نووسیوویەتی "ئەگەری هەیە ئێمباپێ بچێتە لیڤەرپوول، یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت شوێنی محەممەد سەڵاح بە کیلیان پڕبکاتەوە."
 
رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی دەڵێت لەو بارەیەوە دەڵێت " لیڤەرپوول گرنگی بە ئێمباپێ دەدات، کیلیان ئاگاداری ئەو گرنگیپێدانەی رێدزە، ریال مەدریدیش دەیەوێت هەنگاوەکانی خێراتر بکات بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی لەدەست نەچێت."
 
ئەمڕۆ ئێمباپێ بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی یانەی پاریس سانجێرماندا کرد، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکەیان بەرامبەر یانەی تۆڵۆز لە جامی فەرەنسا، کە شەوی چوارشەممە یارییەکە بەڕێوەدەچێت.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی ریال مەدرید بەرامبەر ریال مایۆرکا، پرسیار لەبارەی ئێمباپێ لە کارلۆ ئەنچێلۆتی کرا، بەڵام ئەو راهێنەر گوتی "نامەوێت لەو بارەیەوە قسە بکەم."